ئەم جەژنە بەبێ ماسک بەڕێوە دەچێت
K24 – هەولێر
جیاواز لە جەژنەکانی دیکەی سێ ساڵی رابردوو، ئەم جەژنە هاووڵاتییان بەبێ ماسک بەشداری لە رێوڕەسمی جەژنی رەمەزان دەکەن.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا خەڵکی نەیان دەتوانی بەبێ بەستنی ماسک جەژن بکەن و تەوقە لەگەڵ یەکتر بکەن یان ماچی یەکتر بکەن، لە هەندێک کاتدا بەهۆی مەترسی ڤایرۆسەکە تەنانەت دەرگای مزگەوتەکان دادەخران و چوونە سەر قەبرانیش قەدەغە بوو، بەڵام لەم جەژنەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە بە جۆش و خرۆشەوە لە مزگەوتەکانەوە دەستیان بە رێوڕەسمی جەژن کردووە و بۆ جەژنانە و گەردەن ئازایی سەردانی یەکتر دەکەن.
ئێستا کە ژیان ئاسایی بووەتەوە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان خەڵک روویان کردە مزگەوتەکان و وەک ساڵانی پێشووتر بەشداریان لە رێوڕەسمی نوێژی جەژن کرد، دواتریش وەک نەریتی هەمیشەیی سەردانی ماڵەکانیان کرد.
دوای سێ ساڵ عەرەبستانی سعوودیە دەرگای مەککەی بەڕووی هاووڵاتییانی وڵاتی دیکەدا کردەوە، کە بیانەوێت سەردانی ماڵی خوا بکەن، وەزارەتی حەج و عومەری سعوودیە رایگەیاندووە، ئەمساڵ رێگە بە سەردانکەرانی حەج دەدرێت لە وڵاتانی دیکەش سەردانی سعوودیە بکەن و ژمارەکەش زیاد دەکرێت.
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ساڵی 2019 بڵاوبووەوە و سەرچاوەکەی لە وڵاتی چین بوو، بە رادەیەکی زۆر ژیان و کار و کەسابەتی خەڵکی وەستاند و زیانی زۆری بە ئابووری وڵاتان گەیاند. بەگوێرەی دوایین ئامار514 ملیۆن کەس لە جیهان تووشی کۆرۆنا بوونە و لەنێویاندا 6 ملیۆن و 24 هەزار کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستدا.