زیاتر له 200 چه‌كدار ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌یان جێهێشت
K24- هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌ك رایگه‌یاند، له دوێنێوه ده‌یان چه‌كداری په‌كه‌كه له سنووری قه‌زای شنگال خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی سوپای عێراق كردووه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه نه‌یویست ئاماژه به ناوی بكرێت، تایبه‌ت به كوردستان24 ئاشكرایكرد، له دوێنێوه زیاتر له 200 چه‌كداری په‌كه‌كه و ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ر به په‌كه‌كه‌ن، له سنووری قه‌زای شنگال ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌یان جێهێشتووه و خۆیان و چه‌كه‌كانیان راده‌ستی هێزه‌كانی سوپای عێراق كردووه.
هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌وانه‌ی خۆیان راده‌ستكردووه، سه‌ر به هێزه‌كانی ئاسایشی ئێزیدخان و گرووپی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)ـن.
ماوه‌ی نزیكه‌ی 2 هه‌فته‌یه شه‌ڕ و به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوان هێزه‌كانی سوپای عێراق و چه‌كدارانی په‌كه‌كه له سنووری قه‌زای شنگال چڕبووه‌ته‌وه و جگه له كوژران و برینداربوونی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری په‌كه‌كه و سه‌ربازی عێراق، زیاتر له هه‌زار خێزانیش له ناوچه‌كه ئاواره‌بوونه و په‌نایان بۆ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان هێناوه.
دوێنێش هێزه‌كانی سوپای عێراق هۆشدارییان دایه په‌كه‌كه و جه‌ختیان كرده‌وه، ئه‌گه‌ر له ته‌واوی ناوچه‌كه نه‌كشێنه‌وه، گورزێكی كوشنده‌یان لێ ده‌وه‌شێنن.
H.B