پارێزگاری دهۆك: 10 هه‌زار كه‌س له‌ شنگاله‌وه‌ ئاواره‌ بوون

"سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی تیمی حكومه‌ت له‌سه‌ر هێڵن و ئاماده‌ییان نیشانداوه‌ بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و ئاوارانه‌".

K24 – هه‌ولێر:

پارێزگاری دهۆك ئاشكرای ده‌كات، پتر له‌ 10 هه‌زار ئاواره‌ی شنگال گه‌یشتوونه‌ته‌ پارێزگاكه‌یان و داواشیكرد هێزه‌ نایاساییه‌كان شنگال و ده‌وروبه‌ری چۆڵ بكه‌ن.

عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، خه‌ڵكی دهۆك به‌ دڵێكی گه‌وره‌وه‌ پێشوازیان له‌ 10 هه‌زار ئاواره‌ی شنگال كرد، ته‌واوی رێكخراوه‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كان ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و ئاوارانه‌ نیشانداوه‌.

پارێزگاری دهۆك راشیگه‌یاند، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی تیمی حكومه‌ت له‌سه‌ر هێڵن و ئاماده‌ییان نیشانداوه‌ بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و ئاوارانه‌.

عه‌لی ته‌ته‌ر گوتی: "ئێمه‌ پێمان خۆش نییه‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ر میلله‌تی ئێمه‌دا بێت، داواكارین له‌ ته‌واوی گروپ و پێكهاته‌ ناشه‌رعییه‌كان شنگال چۆڵ بكه‌ن". ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ دڵیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستانه‌، با شنگال چۆڵ بكه‌ن و رێگه‌ خۆش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان".