هەفتەیەك لە سۆشیاڵ میدیا دوورکەویتەوە چی روودەدات؟

توێژینەوەیەك: دوورکەوتنەوە لە سۆشیاڵ میدیا کاریگەری ئەرێنی هەیە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

K24 - هەولێر:

بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) وەک رۆتینێکی رۆژانەی لێهاتووە، بەڵام وەرگرتنی پشوویەك لێیان رەنگە کارێکی خراپ نەبێت و کاریگەری ئەرێنی هەبێت.

لە هەواڵێكی وێبسایتی "یاهو-نیوز"، ئاماژە بە توێژینەوەیەکی نوێ دراوە کە باس لەوە دەکات، هەفتەیەک دوورکەوتنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاستی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە.

توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆی "باس"ـەوە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە و تێیدا سوود لە داتای 158 کەس بینراوە کە لە تەمەنەکانی 18 بۆ 72 ساڵاندا بوون کە کرانە دوو بەشەوە، بەشێکیان بۆ ماوەی یەک هەفتە سۆشیال میدیایان لێ قەدەغە کرا و بەشەکەی دیکەش رێگەیان پێ درا بەکاریبهێنن.

بە تێکڕا، بەشداربووانی توێژینەوەکە لە هەفتەیەکدا هەشت کاتژمێر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە، پاش تەواوبوونی هەفتەکە لەبارەی تێڕوانین و بیرکردنەوەکانیانەوە پرسیاریان لێکراوە و دەرکەوتووە ئەوانەی هەفتەیەك سۆشیاڵ میدیایان بەکارنەهێناوە، دڵخۆشتر و گەشبینترن، بەروارد بەوانی دیکە.

د. جێف لامبێرت، سەرۆکی بەشی تەندروستی زانکۆکە گوتی: "ئەو کەسانەی هەفتەیەك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارنەهێناوە، ئاستی دڵەڕاوكێ و خەمۆکی تیایاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە."

ناوبراو گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە سۆشیاڵ میدیا بووەتە بەشێك لە ژیانی خەڵکی و رێگەیەکی سەرەکی پەیوەندیکردنە لەنێوان یەکتریدا، بەڵام زیاد لە پێویست بەکارهێنانی کاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەندروستی دەروون و جەستە دەبێت."

بە گوێرەی توێژینەوەیەک، لە ساڵی 2011ـەوە تا 2021 ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەدا 45ـەوە بۆ سەدا 71 زیادی کردووە و لە کەسانی تەمەن 16 بۆ 44ـدا ئەو رێژەیە گەیشتووەتە لە سەدا 97.