نزیکەی لهسهدا 90ی زێڕی ئێران لە کانه زێڕهكانی رۆژهەڵاتی کوردستان دهردههێنرێت
K24 – ههولێر:
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، نزیکەی 90%ی زێڕی ئێران لە کانه زێڕهكانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵانە سەرووی 9 تۆن زێڕ لەو کانانه دەردەهێنرێن. رۆژههڵاتی کوردستان لەسەر کانه زێڕە، بەڵام ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێ.
دانیشتوانی گوندەکانی بەهارلو، نیبەند، قوجاق، جداقیە، باغلو و چەندین گوندی دیکەی شاری قڕوەی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر زێڕن و رۆژانە چاویان بە کێوێک لە زێڕ دەکەوێ، بەڵام ئەوان لەبهخششهكانی سرووشتی ناوچهكهیان و داهاتی ژێر زهوی و كانه زێڕهكانیان بێبهشن.
دانیشتوانی ئەو گوندانە رۆژانە چاویان بە کێوی "زەرکێو" دەکەوێ، ئەو کێوەی کە بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، ساڵانە 500 تۆن زێڕی لێ دەردێ، واتا نیوەی زێڕی ئێران.
7 ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیایەکی قەزاقی دەست بە دەرهێنانی زێڕ لەو کانه کرد. بەرپرسانی پێوەندیدار ئاشکرایان کردووە کە کۆمپانیا قەزاقییەکە خاوەنی 70٪ـی پشکەکانە و 30٪ـی بەر حکومەتی ئێران کەوتووە.
کانه زێڕی "زێڕشۆران" لە شاری تکابی پارێزگای ورمێ، یەکێکی دیکەیه لە کانە زێڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو کانە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناووبانگە.
بەرپرسانی تکاب ئاشکرایان کردووە کە ئێستا 38٪ی زێڕی ئێران لەو کانە بەرهەم دێ و نزیکەی 40٪ـی زێڕی ئێران لە ناو ئەو کانەدایە.
بەو پێیە نزیکەی 90٪ـی زێڕی ئێران لە دوو کان "زێڕکێو"ی قڕوە و "زێڕشۆران"ی شاری تکاب لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێت.
بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی تکاب بووەتە جەمسەرێکی زێڕینی ئێران، بەرپرسانی شارەکە گلەییان لە کەمیی خزمەتگوزاری هەیە و دەڵێن پشتگوێ خراون.
حەسەن هیممەتی نوێنەری شارەکانی تکاب و شاییندێژ لە مەجلسی شورای ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئاماژەدان بە دەوڵەمەندیی ناوچەکە لە رووی کشتوکاڵ، کان و گەشتیارییەوە، دەڵێ ناوچەکە بێ خزمەتگوزارییە و خەڵکەکەش هەژارە.
ئەو بە میدیا ناوخۆییەکانی ئێرانی گوتووە: بە چاوی تەماح و پشک پشکێنییەوە زێڕی خاوی لە کانەکانی تکاب دەرهێنرێن و بۆ پارێزگاکانی دیکە رەوانە دەکرێ و سوودی ئابووریش هەر بە ئەوان دەگات، نەک بە ئێمە".
گوزەرانی ژیانی خەڵکی قڕوەش، زۆر باشتر لە ژیانی خەڵکی تکاب نییە. ئێستا بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی گوندەکانی نزیک لە "زەرکێوی" قڕوە، روویان لە شار کردووە.
بە هۆی کارکردن لەو کانییە زێڕە، ژینگەی ناوچەکە تێکچووە و بە قسەی دانیشتوانی گوندەکانیش، ئاوەکە "پیسە" و بۆ خواردنەوە نابێ.
تا ئیستا چەندین جار پشکنینی تەندروستی بۆ کرێکارانی کانەکە و سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە کراوە، بەڵام ئەنجامی پشکنینەکان بە نهێنی مانەتەوە.