بەهای بیتکۆین کەمترین ئاستی لەمساڵدا تۆمارکرد

بەهای بیتکۆین بە شێوەیەکی بەرچاو داکەوت

K24 - هەولێر

بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین، لە دوایین مامەڵەکانیدا بۆ کەمترین ئاستی لە دوای مانگی تەموزی ساڵی 2021 دابەزی، ئەو داکەوتنەش هاوتایە لەگەڵ داکەوتنی بازاڕی پشکەکانی ئەمەریکا.

داکەوتنی بەهای بیتکۆین دوای سیاسەتی یەدەگی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا دێت، کە ئێستا پەیڕەوی دەکات و کار بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لە پێناو دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان دەکات.

دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین، بۆ ئاستی 30 هەزار 331 دۆلار بۆ پێنجەم رۆژی مامەڵە لەسەر یەک دابەزی.

لە دەستپێکی ئەم مانگەوە، بەهای ئەو داوە ئەلیکترۆنییە %19 دابەزیوە و بە گشتیش نیوەی بەهاکەی لەدەستداوە، لە کاتێکدا لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 بۆ بەرزترین ئاستی کە 69 هەزار دۆلار بوو بەرزبووەوە.

لە هەمانکاتدا بەهای دراوی ئەلیکترۆنی ئیسریۆمیش دابەزی، کە دوای بیتکۆین دووەم گەورەترین دراوی ئەلیکترۆنییە لەسەر ئاستی جیهان، بەهای ئیسریۆم بۆ 2 هەزار و245 دۆلار دابەزی، ئەوەش کەمترین ئاستییەتی لە دوای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە.