مەریوان حاکم هادی: بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی قۆناغی زۆری بڕیوە

مەریوان هادی
مەریوان هادی

K24- هەولێر

بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەویان بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەرێژەی زۆر تەواو کردووە.

مەریوان حاکم هادی، بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاش دەرکردنی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرجەم سەرۆکی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شارەوانیی پارێزگاکان و سەرۆکی شارەوانیی سەنتەری پارێزگاکان کۆبوەوە.

مەریوان حاکم هادی گوتی، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری شارەوانی ڕایانی سپاردووە، سەرجەم ئەو پارچە زەویانەی شیاون، یاخود ئەو پارچە زەویانەی کە ئێستە کشتوکاڵیین، لەگەڵ ئەو پارچە زەویانەی بەناوی شارەوانییەکانن، کاریان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی زانیاریی تەواو هەبێت لەسەر ئەو ڕووبەر و زەویانەی کە دەشێت بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن، دەشڵێت: ئێمەش سەرجەم سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی سنووری پارێزگاکانمان ئاگادار کردەوە کە زانیاری وردمان پێ بدەن لەسەر ئەو زەویانەی بۆ نیشتەجێبوون و دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا دەشێن، دواتر بەپێی نەخشەیەکی کەرتیی گونجاو دابەش بکرێن.

بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان ڕایدەگەیەنێت، لێژنە لە تەواوی شارەوانی و سەرۆکایەتییەکان پێک هێنراوە، سبەیش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار  لەگەڵ گشت  بەرێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی پارێزگاکان، بەدواداچوونی بۆ هەنگاو و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، کۆ دەبێتەوە، دەشڵێت، بەشێکی زۆری ڕێکارەکانی ئەو پرۆسەیە تەواو کراون، تەنها چاوەڕوانی ئەو خاڵبەندی و ڕیزبەندیەن کە پێویستە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بێت بۆ ئەوەی بتوانین کاری لەسەر بکەین.

ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.