زۆرینەی دانیشتووانی فینلاند لەگەڵ ئەوەدان وڵاتەکەیان ببێت بە ئەندام لە ناتۆ

بەشێک لە خەڵکی ترسی شەڕیان هەیە

K24 – هیلسنکیی

بڕیارە لە 16/5/2022، فیلاند و سوید داوای بە ئەندام بوون لە رێکخراوی پەیمانى باکورى ئەتڵەس (ناتۆ) بکەن، زۆرینەی دانیشتووانی فینلاند لەگەڵ ئەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیاندان.

ئاوارە هەوراومی، پەیامنێری کوردستان24 هیلسنکیی پایتەختی فینلاند رایگەیاند: "بەگوێرەی راپرسییەکان %75ی دانیشووانی فینلاند لەگەڵ ئەوەدان وڵاتەکەیان ببێت بە ئەندام لە ناتۆ %12یان دەنگیان نەداوە، بەشەکەی دیکەی خەڵکی ئەو وڵاتە ناڕازین بەو بڕیارە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فینلاند بڕیاریان داوە 16ی ئەم مانگە لەگەڵ وڵاتی سوید، داوای بە ئەندامبوون لە ناتۆ دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەشێکی دانیشتووانی فینلاند نیگەرانن لەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان، چونکە ترسیان هەیە جارێکی دیکە شەڕ بەرۆکیان بگرێت، چونکە لە ساڵی 1939 شەڕ لەنێوان رووسیا و فینلاند روویدا و ماڵوێرانی لێکەوتەوە".

فینلاند لە بەشی رۆژهەڵاتەوە 350 کیلۆمەتر لە خاکی رووسیا دوورە، لە بەشی رۆژئاوا لەگەڵ سوید و لە باکووریش لەگەڵ نەرویج دراوسێن، هەفتەی رابردوو هێزەکانی ناتۆ و فینلاند و سوید مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامداوە.

ئەمە لەکاتێکدایە دوای هەوڵی سوید و فینلاند، بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ، رووسیا هەڕەشە دەکات و سوپای سویدیش هێزەکانی لە دوورگەی گۆتلاند خستووەتە ئامادەباشییەوە.