ئەڵمانیا: ناتۆ هاوپەیمانییەتییەکی دەرگا کراوەیە

ئه‌ڵمانیا پێشوازی له‌ ئه‌ندامبوونی فینلاند و سوید له‌ ناتۆ ده‌كات و توركیاش رازی نییه‌
فینلاند و سوید ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئه‌ندامی ناتۆ
فینلاند و سوید ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئه‌ندامی ناتۆ

K24 - هه‌ولێر:

ئەنالینا بێربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ناتۆ هاوپەیمانییەتییەکە سەرنجی خستووەتە سەر بەرگریی و دەرگا کراوەیە، فینلاند و سویدیش دۆستی نزیکی ئەوانن.

بێربۆك بەر لە کۆبوونەوەی نافەرمیی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە قۆناغێکدان هەموو كەس لە ئەوروپا پێویستی بۆ پاراستنی ئاسایش زیاتر بووە و بۆیه‌ وەك هاوپەیمانەکانی ناتۆ ئێستا دەرگامان کراوەیە بۆ ئەوانەی پێویستییان بە پشتیوانیی ئەمنییە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە فینلاند و سوید دۆستی نزیکی ئەوانن، گوتی: "بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە کرد لە چالاکییەکانی ئێوارەی دوێنێی ناتۆدا".

ئاماژەی بەوەش كرد، فینلەندا و سوید ئەندامی ناتۆ نین و بەشێک نین لێی، بەڵام ئێستا رووسیا ئەو دوو وڵاتەی بەرەو ناتۆ پاڵ ناوە، لە دۆخێکی لەم جۆرەدا دەرگاکانمان واڵان. ناتۆ هاوپەیمانییەتییەکە سەرنجی خستووەتە سەر بەرگریی و دەرگا کراوەیە و وایش دەمێنێتەوە. بۆیە ئەگەر گەل و پەرلەمانی ئەو دوو وڵاتە بڕیار بدەن ببنە ئەندام لە ناتۆ، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەکەین.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئه‌ڵمانیا پێشوازی له‌ ئه‌ندامبوونی فینلاند و سوید له‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ ده‌كات، به‌ڵام ‏رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەربەستی سەرەکی پێش سوید و فنلەندایە و رایگەیاند، ئەوان هەرگیز رازی نابن بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ و ئەوانی بە داڵدەدانی کادیرانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبار کرد.