به هۆی پهكهكهوه تورکیا دەرگای ناتۆ لە فنلەندا و سوێد دادەخات

K24 – ههولێر:
سوید و فنلەندا بڕیاره ئهم مانگه فەرمی داوای بە ئەندامبوون لە هاوپەیمانییەتی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ)ـیان بكهن و تورکیا رێگرە لە بە ئەندامبوونیان بە تۆمەتی پشتیوانی کردنیان لە پەکەکە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەربەستی سەرەکی پێش سوید و فنلەندایە و رایگەیاند، ئەوان هەرگیز رازی نابن بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ و ئەوانی بە داڵدەدانی کادیرانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبار کرد.
ئەگەر تورکیا لە هەڵوێستەکەی پێداگیر بێت؛ ئەوا ئهو دوو وڵاتە نابنە ئەندام لە ناتۆ. چونکە بەپێی یاساکانی ناتۆ بۆ بەئەندامبوونی وڵاتێک پێویستی بە رەزامەندی هەر 30 وڵاتی ئەندام هەیە و ئەگەر وڵاتێک رازی نەبێت داوکارییەکە بەدینایەت.
لهو بارهیهوه، وەزیری دەرەوەی فنلەندا رایگەیاند بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ "دۆستە باشەکە" وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە و گەشبینی بە رێککەوتن لە بەرلینەوە راگەیاند، وڵاتانی دیکەش لە بەرلینەوە پشتیوانی بە ئەندامبوونی دوو وڵاتەکیان دووپاتکردەوە.

مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا رەخنەی لە پشتیوانی "ناماقوڵ و شەرمەزارکەر"ی سوید و فنلەندا بۆ پەکەکە گرت و گوتیشی: کێشە ئەوەیە هەردوو وڵات پشتیوانی پەکەکە و یەپەگە دەکەن و ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر سەربازەکانی توركیا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا نەیشاردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە دەرگایان کراوەیە ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ ببن.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، ئیبراهیم كالن لهو بارهیهوه گوتی: دەرگایان بۆ داناخەین، بەڵام ئاسایشی نەتەوەیی لەپێشینەیە.
ههروهها ئەردۆغان گوتی: بە ئەندامبوونی سوید و فنلەندا هاوشێوەی بە ئەندامبوونی یۆنان هەنگاوێکی هەڵەیە و هەمان هەڵەی کاتی بە ئەندامبوونی یۆنان دووبارە ناکەنەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەوهەڵوێستەی تورکیا بۆ ناچارکردنی دوو وڵاتەکەیە بە مەرجەکانی و دەشیەوێت لەو رێییەوە گرێبەستەکانی کڕینی چەک و فڕۆکەی ئێف 16 و ئێف 35 لە ئهمهریكا تێپەڕێنێت.
له بهرامبهردا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند دەستبەرداربوونی فنلەند لە سیاستی بێلایەنی هەڵەیە و هیچ مەترسییەک لەسەر فنلهندا نییە و پێویستی بەو هەنگاوە نییە.
فینلەندا سنوورێکی 1300 کیلۆمەتری لەگەڵ رووسیا هەیە و ژمارەی دایشتوانی 5.5 ملیۆنە و لە مێژوو چەندین جار لەگەڵ رووسیا شەڕی کردووە و 100 ساڵیش لەبن دەستی رووسیای قەیسەری بووە و لە 1917 سەربەخۆیی تاکلایەنەی راگەیاندووە.
بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا وڵاتانی سوید و فنلەندا مەترسیان لە هێرشی رووسیا هەیە و دەیانەوێت بە بەئەندامبوون لە ناتۆ رێگری لە ئەگەری هەر هێرش و رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ رووسیا بکەن.