بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا واشنتن هاوكاری پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

"ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان، رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە سەرخستنی پڕۆسە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە"
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی تیمی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایشی ئەمه‌ریکا کۆبوونەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ 17ـی ئایار / مایۆی 2022، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دۆگڵاس، بەرپرسی تیمی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایشی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، بەردەوامی و هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان تیمی راوێژکارانی ئەمه‌ریکا و وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکرایەوە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە کۆبوونەوەکه‌دا تیشک خرایه‌سەر گرنگیدانی زیاتری  پەیوەندییەکان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان، رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە، لە سەرخستنی پڕۆسە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە خێرا و بەردەوامن.

بریکاری وەزارەتی پێشمه‌رگه‌، ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانی تیمی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایشی ئەمه‌ریکای کرد و رایگه‌یاند، "لەخۆبردووانە هاوکار و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەن و لە رێگەی ئەوانەوە پێشمەرگە لەرووی مەشق و راهێنان و بەدیسپلین کردنی سەربازی سەردەمییانه‌ پێشکەوتووترە".

76565657
7676876