وەزیری دادی هۆڵەندا لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

"سەردانەکەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە"
دیلان یەشیلگۆز، وەزیری دادی هۆڵەندا
دیلان یەشیلگۆز، وەزیری دادی هۆڵەندا

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئایاری 2022، وەزیری دادی هۆڵەندا، دیلان یەشیلگوز لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

دیلان یەشیلگوز لەمیانەی سەردانەکەیدا، قەڵای هەولێری بەسەرکردەوە و هەرلەوێ بۆ رۆژنامەوانان دوا و لەبارەی سەردانەکەیەوە گوتی: "سەردانەکەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە، هەروەها چۆن بتوانین بەرپرسیارێتی ئەو تاوان و توندوتیژیانەی ساڵانی رابردوو بخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانیان بەنموونەش ئەندامانی داعش، لەگەڵ یارمەتیدانی قوربانیانی تیرۆر، ئەمانە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەمە".

سەبارەت بە هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا، ناوبراو گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین، خۆدزینەوە لە سزا روونەدات، بەتایبەتی بۆ تیرۆریستان، هەروەها چۆن بتوانین یارمەتی قوربانیان داعش بدەین، ئێمە دەمانەوێت بە هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن، بتوانین بەڵگەی زیاتر بدۆزینەوە تا ئەو تاوانانە بسەلمێنین".  

وەزیری دادی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هۆڵەندا بەڵێنی ئەوەی پێ داون کە یارمەتی زیاتریان بدات تاوەکو هاوکاری زیاتری قوربانیانی دەستی داعش بکەن.

بڕیارە لە سەردانە دوو رۆژەییەکەیدا، دیلان یەشیلگوز لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستاندا کۆببێتەوە و تاتووتوێی چەند بابەتێك بکەن.

دیلان یەشیلگۆز، خەڵکی باکووری کوردستانە و ساڵی 1977 لە شاری ئانکەرە لە دایکبووە و بەرەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسیمە. دیلان منداڵ دەبێت ساڵی 1984 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچبەری هۆڵەندا بوون.

دیلان لە زانکۆی ئەمستەردام بڕوانامەی لە زانستی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەستهێناوە، هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە، کەسێکی چالاک بووە لەناو پارتەکەیدا. لەساڵی 2014 تا 2017 لەسەر لیستی پارتەکەی بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەمستردام هەڵبژێردراوە، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش بووە لە ئەنجوومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری جێبەجێکاری شارەوانی ئامستەردام بووە، ئێستاش وەزیری دادی هۆڵەندایە.