فینلاند: له نزیکەوە چاودێری پەکەکە دهكهین
K24 - هەولێر:
وەزیری دەرەوەی فینلاند، پیکا ھاڤیستۆ رایگەیاند، دەتوانن دڵنیایی بدەنە تورکیا کە لە نزیکەوە چاودێری پەیوەندییەکانی پەکەکە لە وڵاتهكهیان دەکەن.
پیکا ھاڤیستۆ لە تەلەڤیزیۆنی یلێ-ی فەرمیی فینلاند باسی لە داواکاریی وڵاتەکەی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ کرد و گوتی: "فینلاند و تورکیا چاوەڕوانن کێشەکانی ئهندامێتیی وڵاتەکەی لە ناتۆ چارەسەر بکرێت و ئەمەش چەند ھەفتەیەک دەخایەنێت."
لە ماوەی رابردوودا، هەریەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پەیوەندیکردنی سوید و فینلاند بە ناتۆوە رایانگەیاند، "رەتی دەکەینەوە رەزامەندی بدەین لەسەر هاتنە ناوەوەی سوید و ناتۆ، چونکە ئەو دوو وڵاتە داڵدەی کادرەکانی پەکەکە دەدەن."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، دانوستانەکان (لەگەڵ تورکیا) لەسەر ئاستی فەرمی بەردەوام دەبێت و رایگهیاند: "بهر له چەند رۆژێک گوتبووم ئەمە لانیکەم چەند رۆژێک دەخایەنێت. ئهگهر پێویست بێت وریابین، دەتوانین بڵێین ئەمە چەند ھەفتەیەک دەخایەنێت. گەشبینم بهوهی کێشەکان چارەسەردەکرێت و ئەمە کێشەیەک نییە".
وەزیری دەرەوەی فینلاند ئاشکراشیکرد کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێی نێوان سەرۆک کۆماری وڵاتهكهی و سەرۆک کۆماری تورکیادا، "تاووتوێی تۆماری فینلاندیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردووە".
پیکا ھاڤیستۆ باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی دەتوانێت توركیا دڵنیا بکاتەوە کە لە نزیکەوە چاودێری پەیوهندییەکانی پەکەکە دەکات و رایگهیاند: "بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەم جۆرە گرهنتییانه بدەینە تورکیا. لەبەرئەوەی پەکەکە لە ئەوروپا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆیە رێگرییكردن لە چالاکیی تیرۆریستیی ئەرکێکی گرنگی فینلاندیشە".
ھاڤیستۆ جەختی لە سەروەریی یاسا کردەوە و رایگهیاند: "بڕیارە سیاسییەکان ناتوانن کاریگەرییان لەسەر کاری سیستمی دادوەری ههبێت. ئەمە بنەمایەکە کە لە سەرەوەی کارەکان دایدەنێین. زۆر گرنگە بەبێ ئاگاداربوونمان چەکی فینلاند نەچێتە ھیچ جەنگێکەوە".
سەرچاوە: aa