وەبەرھێنان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 66 ملیار دۆلار

"سەقامگیری و یاسای وەبەرهێنان دوو هۆکارن، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران روو لە هەرێمی کوردستان بکەن"
هەولێر
هەولێر

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرھێنانی، سەرمایەی گشتی وەبەرھێنان لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 66 ملیار دۆلار، لە دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ ئیمارات، وەبەرھێنانی بیانی بە بەردەوامی لە ھەڵکشاندایە و کۆمپانیا بیانییەکان جارێکی دیکە دەست بە وەبەرھێنانی نوێ دەکەنەوە، هەروەها کۆمپانیا و وەبەرھێنەری نوێش روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن .

د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی پلان و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرھێنان بە کوردستان24ی راگەیاند: "هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی وەبەرهێنەری بیانی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، یەکێک لە هۆکارەکان یاسای وەبەرهێنانە کە یارمەتیدەرە تا وەبەرهێنەری بیانی بێنە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ماددەی 3 لەو یاسایەدا وەبەر‌هێنەری بیانی وەک وەبەرهێنەری ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ماف و ئیمتیازاتی وەک وەبەرهینەری ناوخۆیی دەبێت".

شارەزایانی ئابووری و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان پێیانوایە، ئەو دەرفەتەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی رەخساندووە، بووەتە ھۆکارێکی گرنگ، بۆ ئەوەی بازرگان و  وەبەرھێنەرانی بیانی روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و ببێتە ناوەندێگی گرنگ بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی.

لەوبارەوە ھۆشمەند رەفیق، ئابووریناس دەڵێ: "ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان هۆکارێکە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆر زیاتر بێت، چونکە سەرمایەدار و بازرگان هەمیشە بە دوای شوێنی ئارام و سەقامگیردا دەگەڕێن، یاسای وەبەرهێنانیش هۆکارێکی دیکەیە تا وەبەرهێنەران روو لە هەرێمی کوردستان بکەن".