سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین: پێویسته‌ دادگای فیدراڵی بەرامبەر فشارە سیاسییەکان خۆڕاگربێت

ئەمینداری یەكگرتوو بۆ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی: پاراستنی مافی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم ئەرکی دادگایە
سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی كۆبووه‌وه‌
سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی كۆبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی لە بەغدا رایگەیاند، پاراستنی مافی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم ئەرکێکی دیكه‌ی گرنگی دادگای فیدراڵییە و داواشی کرد، دادگاکە خۆڕاگربێت بەرامبەر فشارە سیاسییەکان.

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەگەڵ شاندی یاوەری لە بەغدا لەگەڵ "فایەق زێدان"، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبووەوە.

بەپێی راگەیاندراوی کۆبوونەوەکە، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختان لە سەربەخۆیی دادگا كردەوە و هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی چەسپاندنی بنەماكانی دادپەروەری گرنگە بۆ سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی.

هەروەها هەردوولا هاوڕابوون، کە سەروەری یاسا بناغەیەكی بەهێزە لە بناغەكانی بنیاتنانی دەوڵەتی پێشکەوتوو و بۆ پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌د هاتووه‌: پاشان سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین و شاندی یاوەری لەگەڵ جاسم محه‌مه‌د عەبود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە.

54456546

بەپێی راگەیاندراوەکە، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەکردووە، پاراستنی بنەما دەستوورییەکان پێویستە بۆ سەقامگیری سیاسی، ئەوەش ئەرکێکە، کە دەخوازێت دادگای فیدراڵی خۆڕاگر بێ بەرامبەر فشارە سیاسییەکان.

سەلاحەدین بەهادین جەختی له‌وه‌ کردەوە، پاراستنی مافی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم ئەرکێکی دیكه‌ی گرنگی دادگایە و دەبێت زامنی هەموو مافەکان بکات.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆکی دادگای فیدراڵی هاوڕابووە، کە رۆڵی دادگای فیدراڵی گرنگە بۆ پاراستنی سیستەمی فیدراڵی و بنەما دەستوورییەکان و هەردوولاش کۆک بوون، کە دەبێت مافە دەستوورییەکانی خەڵکی عێراق و کوردستان پارێزراو بێت.