بلینكن: ئه‌مه‌ریكا خاوه‌نی به‌هێزترین سوپا و ئابووریی جیهانه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای ده‌كات، چین بووه‌ته هێزێكی گه‌وره‌ی جیهانی، نیگه‌رانین كاتێك ده‌بنه پاڵپشتی رووسیا.
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، چین ده‌یه‌وێت سیستمی جیهان بگۆڕێت، له‌به‌رامبه‌ردا واشنتن به‌دوای جه‌نگێكی دیكه‌ی سارددا ناگه‌ڕێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت سیستمی نێوده‌وڵه‌تی به‌هێز بكات.
بلینكن راشیگه‌یاند، چین بووه‌ته گه‌وره‌ترین هێزی سه‌ربازی جیهانی، ئه‌و حزبه‌ی چین به‌ڕێوه ده‌بات، خه‌ریكی چه‌وساندنه‌وه‌و له‌ناوبردنی گه‌له‌كه‌یه‌تی.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "به‌هۆی زۆربوونی هاوپه‌یمانه‌كانی چین له ده‌وروبه‌ری هه‌ردوو زه‌ریای (هیندی و هێمن)، نیگه‌رانییه‌كانی واشنتن زیادی كردووه".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا ستراتیژییه‌تی نوێی به‌رامبه‌ر په‌ككین و هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌یه، له داهاتوودا كاری پێده‌كات".
ئه‌و وه‌زیره ئه‌مه‌ریكییه روونیكرده‌وه، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له جه‌نگی دژ به ئۆكرانیا شكستی هێناوه، ئه‌و شه‌ڕه‌ش ریزه‌كانی ناتۆی یه‌كخست.
بلینكن گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا خاوه‌نی به‌هێزترین سوپا و ئابوورییه له سه‌ر ئاستی جیهاندا". ده‌شڵێت: "ئاماده‌ین له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس له‌گه‌ڵ په‌كین گفتوگۆ بكه‌ین".
په‌یوه‌ندییه‌كانی چین و ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی تایوانه‌وه به‌ره‌و گرژی زیاتر ده‌چێت، له‌به‌رامبه‌ردا له دۆسییه‌ی ئۆكرانیاش په‌كین چووه‌ته ریزی مۆسكۆ و پاڵپشتی سه‌ربازیشی به ناڕاسته‌وخۆیی ده‌كات، كاتێك پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاواییه‌كان بۆ كیێڤ به روونی ده‌بینرێت.