یەکێتی دوو بڕیار دەدات

لە سلێمانی دیداری یەکێتی بەڕێوەدەچێت
بۆنەیەکی یەکێتی - ئەرشیف
بۆنەیەکی یەکێتی - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ لە سلێمانی دیداری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی سیاسەتی داهاتووی حزبەکە و چاکسازی لە ریزەکانی بکرێت، بڕیاریشە لەو دیدارەدا یەکێتی دوو بڕیاری سەرەکی بدات.

دیداری یەکێتی ئەمڕۆ 28/5/2022 لە هۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لە سلێمانی دەستپێدەکات و بڕیارە تا 1ی حوزەیران یادی دامەزراندنی حزبەکە بەردەوام بێت، نزیکەی چوار هەزار کادیر و ئەندام و تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بەشداری لە دیدارەکەدا دەکەن.

دوای رووداوەکانی 8ی تەمموزی 2021، کە لاهور جەنگی هاوسەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی لە حزبەکە دەرکران، لە مانگی 12ی 2021 پێشنیازکرا دیدار رێکبخەن، بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند شار و شارۆچکەیەک دیداریان لەگەڵ ئۆرگانەکان رێکخست و چەند لیژنەیەک پێکهێنران، بۆ ئەوەی راپۆرت لەبارەی سەرجەم سێکتەرەکان ئامادە بکەن، بڕیاریشە لە دیدارەکەدا ئەو راپۆرتانە بخرێنەڕوو.

بەگوێری زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، یەکێتی لەو دیدارەدا دوو بڕیار دەدات، یەکەم پەیڕە و پڕۆگرامی حزبەکە هەموار دەکرێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، دووەم بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی دەبێتە سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بڕیاری هاوسەرۆکایەتی هەڵدەوەشێتەوە.

پاش کۆچی دوای مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی، لە 21/12/2019، یەکێتی چوارەم کۆنگرەی بەست و سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرد، بەڵام وەک سەرکردە و کادیرانی یەکێتی دەڵێن، ئەو کۆنگرە نەک هەر کێشەکانی حزبەکەی چارەسەر نەکرد، بەڵکو کێشەی زیاتری هێنایە ئاراوە.

نەسروڵڵا سورچی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو دیدارە دواکەوت و دەبوایە زووتر بێت، لە سەرەتادا دیدارەکە لە مەڵبەند و کۆمیتەکان بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ راپۆرتەکان دەخرێنەڕوو هەروەها بڕیاریان لەسەر دەدرێت".

گوتیشی: "دیداری یەکێتی دەتوانێت گۆڕانکاری لەسەرجەم بوارەکانی ناو حزب بکات، گفتوگۆ لەسەر هەموو کارەکانی پێشتر دەکرێت، بۆ نموونە لە رابردوودا رێکخستن چۆن بووە و لە داهاتوودا چی بکرێت، بۆ پەیوەندییەکان بە هەمانشێوە".

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆکی لەناو یەکێتی، نەسروڵڵا سورچی، گوتی: "من باوەڕناکەم لەم دیدارەدا باسی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆکی بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە لە ئەنجومەنی سەرکرایەتی باس دەکرێت و دەسەڵاتی هەیە گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆ بکات، لە دیدار پەیڕەو ناگۆڕدرێت، تەنها کۆنگرە دەتوانێت پەیڕەو پڕۆگرامی یەکێتی بگۆڕێت".