تویتەر 150 ملیۆن دۆلار غەرامە کرا

بە تۆمەتی فرۆشتنی داتای بەکارهێنەرانی
تویتەر
تویتەر

K24 - هەولێر:

کۆمیسیۆنی بازرگانی فیدراڵی و وەزارەتی دادی ئەمەریکا باسیان لەوە کرد، دۆکیومێنتەکانی دادگا دەریانخستووە، تویتەر سەرپێچی رێکەوتنێکی کردووە کە لەگەڵ بەکارهێنەرانی هەیبووە.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "BBC"، تویتەر رێکەوتنێکی لەگەڵ بەکارهێنەرانیدا هەیە، کە تێیدا گرەنتی ئەوە دەدات زانیاری کەسی هاوشێوەی ژمارەی مۆبایل و ئیمەیڵی تایبەتی نەداتە ئەو کەس و دەزگایانەی بەمەبەستی بازاڕگەری سوودی لێدەبینن.

لێکۆڵەرانی فیدراڵی دەڵێن تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەو یاسایانەی شکاندووە.

بەهۆی تۆمەتبارکردنی تویتەر لەلایەن دامەزراوە دادیەکانەوە، ئەو پلاتفۆڕمە دەبێت 150 ملیۆن دۆلار وەک سزای دارایی بداتە حکومەتی ئەمەریکا.

سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر تویتەردا یەکەمجار نییە و لە کانوونی یەکەمی 2020، تویتەر بەهۆی سەرپێچێکردن لە پرۆتۆکۆڵی پاراستنی زانیاری کەسی لە ئەوروپا نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار سزای دارایی درا.