ئاژانسی ئه‌تۆمی جیهان: ئێران له به‌ده‌ستهێنانی یۆرانیۆم 18 ئه‌وه‌نده‌ی بڕی رێگه‌پێدراوی تێپه‌ڕاندووه
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی جیهانی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆم رایگه‌یاند، ئێران له به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له كۆگاكردنی یۆرانیۆم، 18 ئه‌وه‌نده‌ی بڕی رێگه‌پێدراوی تێپه‌ڕاندووه، كه له رێككه‌وتنه‌كه‌ی ساڵی 2015 له نێوان كۆماری ئیسلامی و زلهێزانی جیهان واژوو كراوه.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی جیهان بۆ وزه‌ی ئه‌تۆم، تا ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه، مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه كراوه تاران كۆی یه‌ده‌گه‌كه‌ی له یۆرانیۆم گه‌یاندووه‌ته 3 هه‌زار و 809 كیلۆ و 300 گرام و پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی ناو رێككه‌وتنه نه‌بووه، كه تێیدا رێگه به ته‌نها 202 كیلۆ و 800 گرام بۆ 300 كیلۆ له فلۆریدی یۆرانیۆم (UF6) دراوه.
وه‌ك ئاماژه‌شی پێدا، ئێران ئاستی مادده پیتێنراوه‌كانی به رێژه‌ی 20% بۆ 238.4 كیلۆگرام به‌رزكردووه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی كه پێشتر 182.1 كیلۆگرام بوو، ئه‌و ئاسته‌ش به رێژه‌ی 3.67%ی ئه‌و سنووره‌ی تێپه‌ڕاندووه، كه له رێككه‌وتنه‌كه‌دا دیاریكراوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، كۆماری ئیسلامی ئێران خاوه‌نی 43.1 كیلۆگرام له یۆرانیۆمی پیتێنراوه به رێژه‌ی 60% و ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی نزیكه له 90% كه بۆ دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی پێویسته، له‌كاتێكدا پێشتر خاوه‌نی 33.2 كیلۆگرام له‌و مادده‌یه بوو.
بڕیاره ئه‌و راپۆرته‌ی ئاژانسی ئه‌تۆمی له كۆبوونه‌وه‌ی پارێزه‌رانی ئاژانسه‌كه له هه‌فته‌ی داهاتوو تاووتوێ بكرێت، له‌كاتێكدا دانوستانه‌كانی رزگاركردنی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران گه‌یشتوونه‌ته رێگه‌یه‌كی داخراو.
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران له ساڵی 2015، پێویست بوو به‌رامبه‌ر هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر كۆماری ئیسلامی، سنوورێك بۆ به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانیش دابنرێت، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه له هه‌ڵوه‌شان نزیك بووه‌وه، كاتێك له سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ئیداره‌ی واشنتن له‌و رێككه‌وتنه كشایه‌وه و سزاكانی بۆ سه‌ر ئێران گه‌ڕانده‌وه، ئه‌مه‌ش وایكرد، تاران له پابه‌ندبوونه‌كانی به‌و رێككه‌وتنه پاشگه‌ز بێته‌وه.
وه‌ك هه‌وڵێكیش بۆ كاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه، ئێران و زلهێزه‌كانی جیهان له مانگی نیسان/ ئه‌پریلی ساڵی 2021 ده‌ستیان به دانوستان كرده‌وه و ئه‌مه‌ریكاش به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ تێیدا به‌شدار بوو.
H.B