مه‌سعود حه‌یده‌ر: گه‌لانی عێراق توڕه و ناڕازین
K24- هه‌ولێر:
نزیكه‌ی 7 مانگه هه‌ڵبژاردنی عێراق ئه‌نجامدراوه، تا ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێكه‌وتن، له‌مباره‌یه‌وه راوێژكارێكی سه‌رۆك بارزانی ئاشكرای ده‌كات، ئه‌و داخستنه سیاسییه‌ی له عێراق هه‌یه رێزنه‌گرتنه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
مه‌سعود حه‌یده‌ر، راوێژكاری سه‌رۆك بارزانی به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، له عێراقدا سندووقه‌كانی ده‌نگدان رێزی لێناگیرێت، ئه‌وه‌ی له‌م وڵاته حوكم ده‌كات، هێزی چه‌كدار و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتێكی ئیقلیمییه، له رێگه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی خۆیه‌وه سیاسه‌ته‌كانی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات.
مه‌سعود حه‌یده‌ر راشیگه‌یاند، له رێگه‌ی هاوپه‌یمانی سێقۆڵییه‌وه( ره‌وتی سه‌دری شیعه، سیاده‌ی سوننه و پارتی دیموكراتی كوردستان) هه‌وڵدرا عێراق به‌ره‌و قۆناغێكی دیكه ببرێت، ئێستا گه‌لانی عێراق زۆر توڕه و ناڕازین، هه‌موو چركه‌یه‌ك چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كرێت ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له شه‌قامی عێراقی رووبدات.
ئه‌و راوێژكاره‌ی سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له 19 ساڵی رابردوو 1300 ملیار دۆلار داهاتی عێراق بووه، جیا له مووچه ئه‌م پاره‌یه ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر گوزه‌رانی خه‌ڵك نه‌بووه، به‌تایبه‌ت له به‌غدا و باشووری ئه‌م وڵاته، به‌شێكی ئه‌و پاره‌یه‌ش چووه‌ته ده‌ره‌وه و به‌شێكی دیكه‌ی له رێگه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه به‌هه‌ده‌ر دراوه، رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراق له‌سه‌دا 40ـی تێپه‌ڕاندووه، له‌هه‌ندێ پارێزگا گه‌یشتووه‌ته %50.
حه‌یده‌ر گوتی: "كورد له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكخراوه، بۆیه سه‌قامگیری به‌غدا بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه، ئه‌گه‌ر پشێوییه‌ك له عێراق دروست بێت زیان به‌ر كوردستانیش ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ك له‌سه‌رده‌می هێرشه‌كانی داعش بینیمان، ئه‌ركێكی كه‌وته سه‌ر ئه‌ستۆی هه‌رێمی كوردستان".