وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: شەڕی میدیایی پلان و تاکتیکی شەڕ دەگۆڕێت

"وڵاتانی زلهێز کار لەسەر پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی هونەرەکانی ئەو بوارە دەکەن"
پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا
پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا

k24-هه‌ولێر:

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، پێویستە لەپاڵ شەڕی مەیدانی، شەڕی میدیاییش دژی دوژمنان بەڕێوە بچێت.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، بە ئامادەبوونی کیریمیس ستافرۆس، کونسوڵی گشتی یۆنان لەهەرێمی کوردستان و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوبراو، سیمینارێک له‌باره‌ی "پێشمەرگە لەپرۆسەی نوێکردنەوەی تواناکانی هۆشیاریدا" بەڕێوەچوو.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند، لەمیانی سمینارەکە، پرۆفیسۆر و ئەکادیمیست سێوفانیس پاپا ساناسیو، ئەندام لە زانکۆی ئەریستۆتڵ بەهاوکاری پرۆفیسۆر نیکۆس پانایوتو، باسیان لە گرنگی ستراتیژیەتی شەڕی میدیایی کرد و تیشکیان خستە سەر خاڵە گرنگ و ئەرێنیەکانی پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیال میدیا بەهەموو جۆرەکانیەوە، لەمبارەیەوە، هاوڕابوون شەڕی میدیایی پلان و تاکتیکی شەڕ دەگۆڕێت و لەبەرژەوەندی ئەو لایەنە دەبێت، کە ئەزمونی هەبێت و بزانێت چۆن ئیدارەی ده‌كات و لەبەرژەوەندی ئەویش کۆتایی پێ دێت، بەتایبەت، ئێستا وڵاتانی زلهێز کار لەسەر پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی هونەرەکانی ئەو بوارە دەکەن.

هه‌روه‌ها راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، تەوەرێکی دیكه‌ی ئەم سمینارە، گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەتی میدیای سەربازی بوو، لەوانە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان و بابەتە فکرییەکان.

لایه‌نێكی سیمیناره‌كه‌
لایه‌نێكی سیمیناره‌كه‌ / فۆتۆ: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌