سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان پۆستێكی باڵای لە (ئای ئێف جەی) بە دەستهێنا

د. نەزاكەت حوسێن، بووە ئەندامی (مەكتەبی تەنفیزی) ئەنجومەنی ژنانی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەەستەی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانی
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەەستەی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانی

K24 – هەولێر

لە 31مین کۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانی، سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان پۆستی ئەندامیەتی مەكتەبی تەنفیزی جەندەری لەو رێکخراوە بەدەستهێنا.

رۆژی 31/5/2022، لە 31مین کۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانی (IFJ) لە مەسقەتی پایتەختی سوڵتانشینی عومان، بە بەشداری شاندێکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەڕێوەچوو، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگری سەرۆك و مەكتەبی تەنفیزی لیژنەی جەندەری (ئای ئێف جەی) د. نەزاكەت حوسێن، سەرۆكی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسان، بە دەنگی زۆرینە بووە ئەندامی (مەكتەبی تەنفیزی) ئەنجوومەنی ژنانی  فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی، وەك بەرپرسی مەلەفی  جێندەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و وڵاتانی عەرەبی.

شاندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانی
شاندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانی

لە کۆنگرەکەدا نوێنەری 154 وڵات و 320  رۆژنامەنووسی ئەندام بەشداربوون. %50 لە ژنان پێکهاتبوو، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە شاندێكی شەش كەسی بە بانگهێشتی فەرمی بەشداری کردبوو. ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری گشتی ئەنجوومەنی ژنانی فیدراسیۆن لە 12 ئەندام پێكدێت و هەر ناوچەیەكی جیهان 2 كورسی بۆ تەرخان كراوە، لە كۆی ركابەری لەنێوان سەندیكاكانی 150 وڵاتدا، دەنگدان بۆ 12 ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنەكە كرا، كە سەندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان وەك پلانی خۆی بەر لە كۆنگرە بۆ ركابەریكردن لەسەر ئەم پۆستە توانی پلانەكەی جێبەجێ بكات ‌و سەركەوتن بەدەست بهێنێت و د. نەزاكەت حوسێن، بە دەنگی زۆرینە بووە ئەندامی (مەكتەبی تەنفیزی) ئەنجوومەنی ژنانی  فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی.

د. نەزاکەت حوسێن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی  فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی
د. نەزاکەت حوسێن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی

هەر لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە و دامەزراندنی رێكخراوی یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیا‌ و باسفیك، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بووە ئەندامی كارای ئەم یەكێتییە و لە لیژنەكانی سەرپەرشتی ‌و كاروچالاكییەكانیدا، رۆڵ ‌و پێگەی خۆی پێدرا.

یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیا‌ و باسفیك، پڕۆژەیەكی مەكتەبی تەنفیزی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی "ئای ئێف جەی"یە، بۆ رێكخستنی سەندیكاكانی ئەندامی فیدراسیۆن لە كیشوەری ئاسیا و ئۆقیانۆسی هادی (باسفیك) و ئوسترالیا‌ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو یەکێتییە، پێنج هەرێم لەخۆ دەگرێت، لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (رۆژئاوای ئاسیا) كە 12 سەندیكا تێیدا دەبن، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وەك ناوچەی هەرێمی كوردستان بە سەربەخۆ لە ریزی وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان، ئیسرائیل، سعوودیە، كوێت، ئیماراتی عەرەبی‌، عومان، یەمەن‌، ئوردن و فەلەستین، تۆماركراوە. لە پرۆسەی دەنگدان بۆ سەرۆك‌ و جێگر‌ و مەكتەبی تەنفیزی، ژنە رۆژنامەنووسی هیندستان، سابینە ئیندەر چیت، بە سەرۆكی یەكێتییەكە هەڵبژێردرا.

كۆی ئەندامانی رێكخراوی یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیا‌ و باسفیك، 48 سەندیكای پیشەیی رۆژنامەنووسانن، كە بەسەر ناوچەی هەرێمی لێك نزیك دابەشكراون.

شاندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی
شاندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی