وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی ئەمساڵی گەنم نزیکەی 400 هەزار تۆن دەبێت

بۆ ئاسایشی خۆراك ساڵانه‌ هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەك ملیۆن تۆن گەنم هەیە
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ پێشبینییه‌كانی بۆ بڕی گه‌نمی به‌رهه‌مهاتووی ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێم ده‌خاته‌ڕوو
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ پێشبینییه‌كانی بۆ بڕی گه‌نمی به‌رهه‌مهاتووی ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێم ده‌خاته‌ڕوو

K24- هه‌ولێر:

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگه‌یاند، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە هەرێمی کورسستان نزیکەی 400 هەزار تۆن بێت، لە کاتێکدا ساڵانە بۆ ئاسایشی خۆراك هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەك ملیۆن تۆن گەنم هەیە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، بەڕێوەبەری گشتیي پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشبینی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی بۆ به‌روبومی ئه‌مساڵی جووتیارانی ئاشكرا كرد، كه‌ لە هەرێمی کوردستان 38 هەزار و 948 جووتیار هەن.

د. زێدا محەمەد گوتی: بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2004ـه‌وه‌ پێشبینی کراوە هەر تاکێك لە عێراقدا ساڵانە پێویستی بە 192 کیلۆگرام دانەویڵە لە جۆری گەنم هەیە، بۆ ئەوەی پێداویسیتیەکانی رۆژانەی خۆی پێ پڕبکاتەوە. ئێمەش بە گوێرەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ئەگەر وادابنێین کە دانیشتووانی هەرێم 6 ملیۆن کەسە، کەواتە لە ساڵێکدا پێویستیمان بە زیاتر لە یەك ملیۆن تۆن گەنم دەبێت، تاوەکو بگەینە ئاستی ئاسایشی خۆراك لە رووی نیشتیمانییەوە.

گوتیشی: بەرهەمی گەنم جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بەهۆی وشکەساڵییەوە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمەکە کەمببێتەوە. بۆ ئەم بابەتەش راپۆرتێمکان ئامادە کردووە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە بە ناوچە رێژەی زیانەکانی وشکەساڵیمان دیاری کردووە. زۆرترین ئەو ناوچانەشی زیانی پێگەیشتووە لەڕووی بەرهەمی گەنمەوە، گەرمیان بە پلەی یەکەم دێت، کە وشکەساڵی تەواو لەو دەڤەرە راگەیاندراوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە پارێزگای هەولێریش ئەو ناوچانەی کە باران بارینی تێدا مسۆگەر نییە وەك (گوێڕ- دیبەگە - مەخموور) و بەشێك لە ناوچەی قوشتەپە، کە بەتەواوی بەرهەمی گەنمیان لەناوچووە، لە دهۆکیش ناوچەی (سێمێڵ - بەردەڕەش) زۆرترین زیانیان بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرکەوتووە. بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستاش دروێنەی گەنم بەردەوامە، بۆیە ئەوانە هەمووی پێشبینین، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە تێبینی دەکرێت لە 85% پێشبینیەکانمان راست بن، بۆیە رێژەی گەنمی بەرهەمهاتوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمە.

بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو روونیكرده‌وه‌، ساڵی رابردوو ئەو رێژە گەنمەی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستانی دانا بوو بۆ ئەوەی لەلایەن سایلۆکانی حکومەتی فیدراڵەوە وەربگیرێن، بریتیی بوو لە 375 هەزار تۆن، بەڵام لەو بڕە تەنیا 126 هەزار تۆن گەنم بە سایلۆکانی فیدراڵ درا، ئێمە ناڵێین بەرهەمی گەنم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بووه‌، لەوانەیە زۆرێک لەو گەنمە جووتیارەکان خۆیان ئاڵوگۆڕیان پێکردووە، لە بازاڕی رەشدا و نەدراوە بە سایلۆکان.

روونیشكرده‌وه‌، بۆ ئەمساڵیش دەتوانین پێشبینی بکەین بە هەمان شێوەی ساڵی رابردوو بێت، چونکە ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە لەژێر کاریگەری وشکەساڵی بووین، بۆیە پێشبینی دەکەم بەرهەمی گەنمی ئەمساڵمان لە نێوان 300 بۆ 400 هەزار تۆن بێت، بەو رێژەیەی کە رادەستی سایلۆکان دەکرێت، یان لەلای جووتیارەکان دەمێنێتەوە.

د. زێدا محەمەد ئاشكراشیكرد، لە هەرێمی کوردستان 38 هەزار و 948 جووتیار هەن، بۆ ئەمساڵیش دوو ملیۆن و 599 هەزار و 580 دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە، لە کۆی 3 ملیۆن و 593 هەزار پارچە زەویی کشتوکاڵی.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، گەنمی وەرگیراو بە نرخی 850 هەزار دینار دەبێت بۆ هەر تۆنێك، ئێستا جگە لە سایلۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر 20 سایلۆ و لە سلێمانیش 12 سایلۆی دیکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنم دروستکراون و ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.

H.B