قاسم سولەیمانی هۆشداری توند دەداتە بەحرەین‌

"بێحورمەتی بە عیسا قاسم سەرەتای راپەڕینێكی خوێناوییە"

K24 - ھەولێر

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەیاننامەكدا رایگەیاند: " دەستدرێژیكردنە سەر شێخ عیسا قاسم، هێڵی سوورەو بەزاندنیشی گڵپەی ئاگرێك لە بەحرەین ‌و ناوچەكە بەردەدات ‌و رێگایەك جگە لە بەرەنگاربوونەوەیەكی چەكداری نامێنێتەوە".

سولەیمانی گوتی: "گومانی تێدا نییە كە حكوومەتی بەحرەین، باجی ئەم ئاڵۆزییە دەدات‌ و  دەبێتە هۆی روخاندنی دەسەڵاتی ستەمكاری ئال خەلیفەی بەحرەین".

ئەم فەرماندە سەربازییەی ئێران زیاتر هەرەشە لە بەحرەین دەکات و دەڵێت: "با پشتیوانانی حكوومەتی بەحرەین بزانن كە بێحورمەتی بە عیسا قاسم، سەرەتای راپەڕینێكی خوێناوییە".

بە تۆمەتی نانەوەی ئاژاوە و بڵاوکردنەوەی بیری تائیفی، دەسەڵاتدارانی مەنامە، ناسنامەی هاووڵاتیبوونی لە عیسا قاسم، ناسراوترین كەسایەتی ئایینی شیعە لەو وڵاتە ستاندووەتەوە.

عیسا قاسم، زانایەکی دیاری شیعەکانی بەحرێنە و ساڵی 1937 لە ناوچەی دەرازی ئەو وڵاتە لەدایك بووە، لەتەمەنی لاوێتیدا خوێندکاری محەمەد باقر سەدر بووە.