سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاڵيا كۆبووه‌وه‌

مارينا سێرێنى بانگهێشتى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاڵياى بۆ نێچيرڤان بارزانى دووپاتكرده‌وه‌
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاليا كۆبووه‌وه‌
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاليا كۆبووه‌وه‌

k24:هه‌ولێر:

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022/6/4 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ مارينا سێرێنى، جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاڵيا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاڵيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و جموجووڵه‌كانى داعش تاوتوێ كران.

نێچيرڤان بارزانى وێڕاى نيشاندانى خواستى هه‌رێمى كوردستان به‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئيتاڵيا و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى نێوانيان، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى مرۆيى و سه‌ربازيى ئيتاڵيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌رى دژى تيرۆردا دووپاتكرده‌وه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى و ئابوورى له‌ عێراق و پێويستيى گفتوگۆ و گه‌يشتنى لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان به‌ لێكگه‌يشتنێك كه‌ پرۆسه‌ى سياسيى وڵات له‌ بنبه‌ست و چه‌قبه‌ستوويى رزگار بكات و حكومه‌تێك بهێنێته‌ ئاراوه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ و وڵامده‌ره‌وه‌ى خواسته‌كانى گه‌ل و پێهكاته‌كانى عێراق بێت.

جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ بانگهێشتى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاڵياى بۆ نێچيرڤان بارزانى دووپاتكرده‌وه‌ تا سه‌ردانى رۆما بكات و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ريزى پێشه‌وه‌ى بايه‌خ و پرۆگرامى گه‌شه‌پێدان و هاريكاريى ئيتاڵيادان و وڵاته‌كه‌ى به‌ گرنگييه‌وه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت.

له‌ كۆوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ باڵيۆزى ئيتاليا له‌ به‌غدا و كونسوڵيان له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ بوون، ئاماده‌يى و چالاكييه‌كانى ئيتاڵيا له‌ بوارى كولتوورى و شوێنه‌وارناسيدا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش خرانه‌ به‌ر باس.

لایه‌نێكی دیداره‌كه‌
لایه‌نێكی دیداره‌كه‌