دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر: ده‌بێت سکاڵاکانی وەزیری نەوتی عێراق دوابخرێن

"دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حەسریان هەیە بۆ لێکدانەوەی یاسای نەوت و غاز"
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری

K24- هه‌ولێر:

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لە رۆژی 5ی حوزەیرانی 2022، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا ژمارەیەك سكاڵای مەدەنی كە لەلایەن وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵەوە دژی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت و غاز (IOCs) كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، تۆمار كراون، دەبێت دوابخرێن.

لە 19ی ئایاری 2022 دادگای بازرگانی (الکرخ) لە بەغدا، لەسەر داوای وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ هەستا بە بانگهێشتکردنی (استدعاء) ئه‌و کۆمپانیا نێودەوڵەتیانه‌ی لە سنووری هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەوانە  Addax، DNO ، Genel، Gulfkeystone، HKN، Shamaran، و Westernzagros.

بە پێی یاسای عێراق ناتوانرێت رێوشوێنی دادگای مەدەنی ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاری پەیوەندیدار بەڕێوەدەچێت.

لە 4ی حوزەیرانی 2022، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری لە دەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان (ژمارە 22ی ساڵی 2007) کرد.

رۆژی 15ی شوباتی 2022، دادگایەك لە بەغدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007ی دا. سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم رایگەیاند ئەو دادگایەی بەغدا هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری نییە ئەو کارە بکات، چونکە ئەو دادگایەی بەغدا بەپێی ماددەی (92)ی بڕگەی (دووەم)ی دەستووری فیدراڵی دانەمەزراوە و ئەو سکاڵایانەی وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ لە دژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان تۆماری کردوون، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە نادەستوورییەی 15ی شوباتی 2022ـن، هەر بۆیە ئەو سکاڵایانە، هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاساییان نییە. هەروەها رایگەیاند، یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 بەرکارە و ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو یاسایە ئەنجامی داون، بە کارایی دەمێنێنەوە.

بۆیە دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حەسریان هەیە بۆ لێکدانەوەی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 و هیچ دادگایەك لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی لەو شێوەیەی نییە.

H.B