مه‌سرور بارزانی: گرنگی زیاتر بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەدەین

پەروەردە و زانست، بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، کۆتایی نایەت
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، دهۆك (7ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022)، فۆتۆ: جه‌مال یاد
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، دهۆك (7ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022)، فۆتۆ: جه‌مال یاد

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022 ، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی ئەمەریکی بەڕێوەچوو.

سەرۆکی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا ستایشی پێشکەوتنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستانی کرد و دەستخۆشی لە هەوڵ و کۆش شی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دامەزراندنی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها سەرۆکی حکومەت گوتارێکی بەزمانی ئینگلیزی لە ڕێورەسمەکەدا پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بە پاڵپشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و تیمی ڕاپەڕاندنی تایبەت بە خوێندن و پەروەردە ( Task Force on Education)، پەرە بە پرۆگرامەکانی خوێندن و راهێنانە هونەری و پیشەییەکان و ڕێکارەکانی وەرگرتن لە زانکۆکان دەدەین، کە ئێستا چەقی سەرەکی کارە لە پێشیەنەییەکانی حکومەتەکەمانن.

ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :

بەناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

هێژا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

میوانانی بەڕێز

ئامادەبووانی خۆشەویست

دايک و باوک وکەسوکاری قوتابییان

قوتابییانی دەرچووی خۆشەویست

هەمووتان بەخێر بێن، هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن و پیرۆزبایی دەرچوونی قوتابییانی خۆشەویست لە هەمووتان دەکەم.

هەر بەم بۆنەیەوە دەمەوێ لێرەوە پیرۆزبایی لە هەموو دەرچووانی ساڵی 2022 ی هەموو کوردستان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکەم ، هیوادارم هەمیشە تەندروست و سەرکەوتوو بن. سوپاسی بێ پایان بۆ دایک و باوک و کەسوکار و هەموو ئەوانەی پشتیوان بوون بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە و سەرکەوتنتان لەم قۆناغەی ژیانتاندا .

خوشک و برایانی بەڕێز ، ئێوارەتان باش.

پێم خۆشە لەم شەوە بەخیرهاتنی یەک بە یەکتان بکەم، کە بەشدارن لە رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی ساڵی خوێندنی ئەکادیمی 2022 و لە هەمانکاتدا ڕێزگرتن لە ماندووبوون و خۆڕاگریی دەرچووانمان، کە بە تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس، گەیشتوونەتە ترۆپکی توانای خۆیان.

شەڕەفمەندم کە ئەمڕۆ لێرەم بۆ گەواهیدان لەسەر سەرکەوتنەکانتان، زۆر شانازی بە پابەندیی و بەردەوامیدانتان دەکەم کە بۆ گەیشتن بەم قۆناغە، بەرجەستەتان کردووە.

بە دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان دەڵێم: سوپاسی خۆتەرخانکردن و خۆبەخشیتان دەکەم، وەک چۆن سوپاسی دەستەی بەڕێوەبەران و سەرۆکی دامەزراوەکە د. رانیا مەجید دەکەم. دامەزراوەکە رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە گەشەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگەی زانکۆیی، ئەمەش لە ڕێگەی پاڵپشتی بۆ تاقیگەکان و پاڵپشتی هەوڵەکانی دیکەش.

سەرۆک و بەرپرسە ئەکادیمی و کارگێڕییەکان، رۆڵێکی دياريان هەبووە لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە زانکۆییەکە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک بۆ خوێندنی باڵا لە سەرتاپای هەرێمەکە. هەروەها دەمەوێت سوپاسی هاوبەشەکانی دیکەمان بکەین، بە تایبەت وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یارمەتیی و بەخشینەکانی، کە زەمینەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندیی و هاوبەشیی ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆ ئەمریکییەکان.

لەچەند ساڵی ڕابڕدوو، زۆربەتان کە لێرەن و ئەوانی تریش کە لە ڕیزەکانی دواوەن، هاوکار بوونە لە وەرچەرخانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان بۆ یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگ و پایەدارەکان؛ ناوەندەکە بووەتە شوێنێک کە تێیدا خەون و ئاواتەکان دێنە دی؛ ناوەندەکە بووەتە چەقی فێربوون و بەرهەمهێنانی لاوی سەرکردە بۆ داهاتوو، ئەو لاوانەی ڕۆڵی گرنگ و دانەبڕاویان دەبێت لە دروستکردن و گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەمان.

ئەم کۆمەڵگە زانکۆییە، دەسکەوتێکی ناوازەی بەدەستهێناوە. دەرچووەکانی ئەم زانکۆیە، لە لایەن خاوەنکارەکانەوە بەبایەخەوە تەماشا دەکرێن و بۆ پێدانی هەلی کار بەدوایان دەگەڕێن، کوالیتی و چۆنایەتی کۆرسەکانی لە سەرتاپای هەرێمدا دانیپێداندراوە و پێگەی زانکۆکەش لە دەرەوە تەواو ناسراوە.

کۆمیسیۆنی نیو ئینگلاند بۆ خوێندنی باڵا (New England Commission of  Higher Education ) یەکەمین قۆناغی متمانەبەخشینی بە زانکۆی ئەمەریکی کوردستانی پەسەندکرد و ئەم هەنگاوە ، پیشکەوتنی زیاتریشی بەدوادادێت. ئەم دانپێدانانە، شایستەی ئەو دەرەنجامانەیە ئێوەيە کە لەوەتەی ساڵی 2019 بەدەستتانهێناوە – ئەمە دانپێدانانێکە شیاوە بۆ ئەو پەروەردە و خزمەتەی لێرە پێشکەش دەکرێت. ئەمەش شتێکە کە جێی ڕەزامەندی قووڵی ئێمە.

ساڵانێکی زۆر بەر لە ئێستا، منیش وەک قوتابیەک لەنێو ئامادەبووانی و دەرچووانی وەکو ئێوە دانیشتم. لەو کاتەشەوە، من پابەندبووم لەوەی دڵنیایی ئەوە بدەم، ئەو ئەزموونە بایەخدار و پڕکاریگەرییە هاوشێوانە، پێویەستە بۆ زۆرێک لە ئێمەمانان دابین بکرێن، ئەوانەی بوێری ئەوەیان تێدایە خەون ببینین و گۆڕانکاریی دروست بکەن.

لەیادمە، لە یەکێک لەوانەکانمان، کە لەسەر هەژاریی جیهانیی بوو، ڕووم کردە هاوڕێیەکم و پێمگوت ڕۆژێک دێت هاوکار دەبم لە دروستکردنی ناوەندێکی نایاب و بێ وێنە، کە تێێدا لاوانی کوردستان سوود لە پەروەردە و ئەزموونی هاوشێوە وەربگرن.

هەژدەساڵ دواتر، زانکۆی ئەمەریکی دامەزرا و دەرگەکانی کردەوە و بەشێک لە خەونەکەش هاتەدی. ئەمە پێشکەوتنێک بوو کەجێی ئومێدی ئێمە بوو بەوەی ڕەخساندنی دەرفەتی هاوشێوە لێرە، هۆکار دەبن بۆ ناساندن و خستنەڕووی توانای گەلەکەمان. هەموو رێوڕەسمێکی دەرچوونی هاوشێوە، ئەو خەون و ديدگایەی هەمانە دەکاتە ڕاستی.

پێشکەوتنەکانمان لەم زانکۆیە ، شوێنپەنجەی لە هەندێک لە شوێنی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارە مەزنەکانی جیهان دیارن، کە گەنجە دەرچووەکانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان ڕۆڵیان دیارە. ئەو ئەزموونانەی چ لەناوەخۆ یان دەرەوە بەدەستی دەهێنن، بەها و شکۆی زیاتر بە کوردستان دەبەخشن. بە گشتی، کوردستانیانی بەهرەدار و لێهاتوو لەهەر شوێنێک بن، بەشێکی دانەبڕاون لە گەنجینەی بەهرەکانمان. ئێمە شانازیان پێوە دەکەین و دەشمانەوێت رۆڵێکی کاریگەریان هەبێت لە بنیاتنانی وڵات و نەتەوەکەمان.

ئامانجی ئێمە لە دەستەی ئەمینداران ئەوەیە، ژینگەیەک دروست بکەین کە پێشوازی  لە خەڵکانی خۆمان بکات  و لەخۆیان بگرێت و بیانکاتە هاوبەش و بەشدار لە پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان. دەزانم کە پەروەردە و فیرکردن، لە هەموو ئاستێک، کڕۆکی ئەو کارەیە. ئینجا ئەمە چ لە سەر ئاستی منداڵێکی تامەزرۆی زانیاری قۆناغی سەرەتایی بێت یان هاووڵاتیەک بێت بیەوێت پیشەیەک فێربێت، پێویستە باشترکردنی ئاستی پەروەردە و خوێندن،  ئامانجی مەزن و سەرەکیمان بێت.

لە حکومەتیش بەهەمان شێوە، ئەجێندای کابینەی ئێمە بریتی بووە لە بەرزکردنەوەی ستانداردەکان . لەم چەند مانگەی دوایی، کابینەکە بە کۆی دەنگ پاڵپشتی لە دروستکردنی دەزگایەکی نیشتیمانی متمانەبەخشین کرد. ئەمە یەکەمین دەستەی لەو جۆرەیە لە هەموو وڵات، ئامانج لێی باشترکردنی دڵنیایی جۆریی و هەڵسەنگاندنی ستانداردەکانی پەروەردە و فێرکردنی گشت ئاستەکان و دروستکردنی فەرهەنگ و کولتورێکە بۆ باشترکردن و پێشکەوتنی بەردەوام. ئێستاش ئەمە ڕوودەدات.

بە پاڵپشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان بارزانی و تیمی ڕاپەڕاندنی تایبەت بە خوێندن و پەروەردە ( Task Force on Education)، پەرە بە پرۆگرامەکانی خوێندن و راهێنانە هونەری و پیشەییەکان و ڕێکارەکانی وەرگرتن لە زانکۆکان دەدەین، کە ئێستا چەقی سەرەکی کارە لە پێشیەنەییەکانی حکومەتەکەمانن.

رێگەم بدەن لەم سەکۆیە ئامانجەکەمان ڕوون بکەمەوە؛ ئامانجمانە ببینە نەتەوەیەکی پڕ زانیاری و نیشتیمانێک کە تێیدا بیرۆکە، داهێنان، کاری قورس و سەرمایەگوزاری هاریکار بێت تا کۆمەڵگەکەمان بگۆڕێت و چارەنووسی خەڵکی خۆشمان بەرەو باشتر دابڕێژێتەوە. لە هەموو هەنگاوێکی کاروانەکەمان، چ بۆ تاک و چ بۆ هاووڵاتی، فێربوون و باشتربوون، تەواوکاریی یەکترن.

وەکو حکومەت پێویستیمان بە هاوکاری ئێوەیە. دەمانەوێت لاوە بەهرەدارە دەرچووەکانمان، هاوکارمان بن لە بنياتنانی کوردستان. ئێمە ڕێز لە تواناکانتان دەگرین و گرنگی زیاتریش بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەدەین.

دەمانەوێت ئێوە هاوکارمان بن لە دروستکردنی شوێنی کاری وەها کە تیایاندا بەها و ستانداردی پیشەییانە بەرجەستە بکەن کە لە ئەزموونی زانکۆدا بەدەستانهێناوە. ئێمە پاداشتی هەوڵەکان دەدەینەوە و بیرۆکە و کارگێڕیی پێشدەخەین.

هەر یەکێک لە ئێوە کە ئەمشەو لێرەن، کۆڵەگەیەکن بۆ کوردستان. چ ئێستا بێت یان بۆ ساڵانی داهاتوو، دەمانەوێت بەشێک بن لەو کارەی ئێمە دەستمان پێکردووە بۆ ئەوەی ئابوریەکەمان پێشبخەین و هەمەجۆری بکەین.

ئێمە هەوڵی گەورەمان داوە لە پێناو دروستکردنی ژینگەیەکی هاوڕێیانە بۆ سەرمایەگوزاریی. ئێمە کەرتی گشتیمان کاریگەرتر کردووە، کە سەرمایەی ئازاد کردووە بۆ وەبەرهێنان لە لە لایەنی کارگێڕی و کارە گشتییە بنەڕەتییەکان. ئێمە هانی داهێنان و نوێکاری دەدەین، دەمانەوێت دەرچووەکانمان ببنە کادیری گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە و لەوە تێبگەن کە پێویستە چۆن بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییەکانمان بکەین.

لە کاتێکدا ئێوەی دەرچوو ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی گەشتە پڕ دەستکەوتەکانتان دەکەن، کە بەشێکی پەیوەستە بەو خوێندنەی لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بەدەستانهێناوە، دەمەوێت بە چەند وشەیەک هەندێک ڕێنماییتان بکەم:

-لە بەرزترین ئاستدا ، پارێزگاری لە پێوەر و ستانداردە پیشەیی و ئەخلاقییەکان بکەن.

- هەمیشە نيشتمان و ناسنامەکەتان لەبیر بێت.

- کاتێک هەلومەرجت بۆ دەڕەخسێت، خزمەتی نەتەوەکەتان بکەن.

- خەبات بۆ گەشەپێدانی ئابووری بکەن لە کوردستان بێت یان لە هەر شوێنێکی دیکە.

- ڕێز لە زەوی بگرن؛ ئاگاداری بەردەوامبوون و گرنگی و بەهای ئەوە هەسارەیە بن، کە خودا پێتانی بەخشیوە.

- بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی لە ژیانی خۆتان پەیڕەو بکەن.

دەرچووانی ساڵی 2022:

 داواتان لێدەکەم کە شوێنپەنجەتان لەسەر ئەم جیهانە بەجێ بهێڵن. لە ساڵانی داهاتوو، نەتەوەکەمان، پیرەکانمان و خەڵکەکەمان، چاوەڕوانی رێگەپێنیشاندان و گەشەو پێشکەوتنتان لێ دەکەن.

هیوادارم ئەو زیرەکیەتان هەبێت دەرفەتەکان بقۆزنەوە و ئەو شوێنەتان لەبەرچاو بێت، کە جیهانی خستە بەردەم پێ و هەنگاونانتان. ئێوە پاڵپشت و چیرۆکی سەرکەوتنی نەتەوەی زانیارین.

دووبارە، پیرۆزبایی ئەو دەستکەوتە مەزنەتان لێ دەکەم و سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئاماددەبوون لەم رێورەسمی دەرچوونە و سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان دەکەم، کە بەهۆی قارەمانی و قوربانیدانی ئەوانەوە، زەمینە رەخساوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی وا.

بەردەوام بن لە فێربوون و پێشکەوتن؛ پەروەردە و زانست، بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، کۆتایی نایەت. بەڵکو پەروەردە و فێربوون پرۆسەیەکی درێژخایەنە.

سوپاستان دەکەم.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، وێنه‌: جه‌مال یاد
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، وێنه‌: جه‌مال یاد
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان له‌ دهۆك، وێنه‌: جه‌مال یاد
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان له‌ دهۆك، وێنه‌: جه‌مال یاد
76765765
5454

43654
4365
354