92 بەنزینخانە بەهۆی دەستکاریکردنى كوالیتی سزادراون
K24 - هەولێر:
پارێزگاى هەولێر رایگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى (92) بەنزینخانە سزادراون.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر هاتووە، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاووڵاتییان و لهبهرامبهر دەستکاریکردنى كوالیتی بهنزین، لەمانگى ڕابردوودا (42) بەنزینخانە و لەسەرەتاى ئەو مانگەشدا تاوەکو ئەمڕۆ (50) بەنزینخانە لە هەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و رێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.
پارێزگاى هەولێر راشیەگەیاند، "هاووڵاتییان و هاوشاریانى شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ دەفرۆشنە هاووڵاتییان و دەستکاری کوالیتی بەنزین دەکەن."
ئاماژە بەوەش درا، لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنى بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى کوالیتیەکەى لە زووترین کات ئاگادارى قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە.
پارێزگای هەولیر باسی لەوەش کرد، ئاگادارى خاوەن بەنزینخانەکان دەکەینەوە، لەمەودوا هەفتانە ناو و شوێنى ئەو بەنزینخانانە بڵاودەکەینەوە کە سزادەدرێن.