پاشماوەی ئەو کۆپتەرە دۆزرایەوە کە لە ئیتاڵیا لە رادار ون ببوو
K24 - هەولێر:
رۆژی پێنجشەممە 9ـی حوزەیرانی 2022، ھێلیکۆپتەرێک کە حەوت سەرنشینی تێدابوو و چواریان هاووڵاتی تورک و دووانیان لوبنانی بوون، لە نێوان ناوچەکانی تۆسکانا و ئەمیلیا-رۆماگنا، لە رادار ون ببوو، دواتر پەیکەری تێکشکاوی ھێلیکۆپتەرەکە لە چیاکانی ئاڵپ دۆزرایەوە.
پارێزگای مۆدێنا لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو کە فڕۆکەیەکی هێزە ئاسمانییەکانی ئیتاڵیا لە ناوچەیەکی چیاکانی ئاڵپ کە دەکەوێتە نێوان تۆسکانا و ئەمیلیا-رۆماگنا، پەیکەری تێکشکاوی ھێلیکۆپتەرێکی دۆزیوەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەدا، پاش ئەوەی تەرمی پێنج سەرنشینی هێلیکۆپتەرەکە دۆزرایەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چیای ئەپینین شوێنەکەی دەستنیشان کرابوو، دواتر توانرا تەرمی دوو کەسەکەی دیکەش بدۆزرێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، پەیکەری تێکشکاوی ھێلیکۆپتەرەکە لەلایەن کەسێکەوە بینراوە کە لە چیاکانی ئاڵپدا شاخەوانی کردوە و دواتر هێزە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار کردوەتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە رۆژی 9ـی حوزەیران ھێلیکۆپتەرێک بە حەوت سەرنشینەوە، لە شاری لوکای ئیتاڵیاوە بەرەو شاری ترێڤیزۆ کەوتەڕێ، بەڵام ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکی گەشتەکەی لە رادار ون بوو، هێزە ئەمنییەکانی ئیتاڵیا و دەزگاکانی بەرگری شارستانی بۆ دۆزینەوەی ھێلیکۆپتەرەکە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان دەستپێکرد.