"پۆچیتینیۆ دوورخرایه‌وه‌"

ماوریزیۆ پۆچیتینیۆی راهێنه‌ری نوێی پاریس سانجێرمان
ماوریزیۆ پۆچیتینیۆی راهێنه‌ری نوێی پاریس سانجێرمان

پاریس سانجێرمان لەگەڵ پۆچێتینیۆ گەیشتووەتە رێککەوتن و گرێبەستەکەی نێوانیان هەڵدەوەشێننەوە و زیدانیش دیارترین بەربژێرە بۆ شوێنگرتنەوەی.

رۆژنامەی زە ئەتلەتیکی ئینگلیزی دووپاتیدەکاتەوە گفتوگۆکانی ئەم دواییە لەنێوان راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە و بەرپرسانی یانە فەرەنسییەکە رۆیشتنی راهێنەرەکەی لێدەکەوێتەوە و بڕیارەکەش بەیەکەوە لە نێوان هەردوولادا دراوە دوای ئەوەی خواستیان هەبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوانیان، بەمەش کۆتایی بە چارەنووسی 18 مانگی پۆچیتینۆ لەگەڵ پاریس سانجێرمان دێت.

پۆچێتینیۆی 50 ساڵ لەگەڵ پاریس سانجێرمان ناسناوی خولی فەرەنسا و جامی فەرەنسا و سوپەری فەرەنسای بردەوە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید دۆڕا و لە بردنەوەی ناسناوەکە شکستیهێنا و ئەم یانەیە ئامانجی گەورەی ئەوەیە ناسناوی ئەم پاڵەوانییەتیە بباتەوە.

چاوەڕێش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو بە فەرمی دوورخستنەوەی پۆچێتینۆ رادەگەیەنێت و راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان دەکات.

لە لیستی بەربژێرانیش بۆ شوێنگرتنەوەی پۆچێتینۆ شەش راهێنەر لە لیستەکەدان، خۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری رۆما لەگەڵ تیاگۆ مۆتای راهێنەری سپێزیای ئیتاڵی و زێنەدین زیدانی راهێنەری پێشووی ریال مەدرید و کریستۆف گاڵتیێی راهێنەری نیس و کۆسیساوی راهێنەری پۆرتۆ و رۆبن ئۆموریم راهێنەری سپۆرتینگ بەربژێرن بۆ راهێنەرایەتی پاریس سانجێرمان، به‌ڵام هیچیان به‌ ئه‌ندازه‌ی زێدان له‌ لایه‌ن كارگێری پاریس خواستی له‌سه‌ر نییه‌.