20 كه‌س له زیندان هه‌ڵاتن
K24 – هه‌ولێر:
"20" كه‌س له زیندانێكی داعش ڕاده‌كه‌ن و چه‌كدارانی ئه‌و ڕێكخراوه به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێن.
20 زیندانی توانیویانه له زیندانێكی داعش له شاری موسڵ ڕابكه‌ن، له‌وكاته‌ی داعش ویستویه‌تی زیندانییه‌كان بگوازێته‌وه بۆ جێگه‌یه‌كی دیكه،به‌هۆی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌زای شرگات و ناحیه‌ی گه‌یاره‌وه.
چه‌ند شایه‌تحاڵێكی خه‌ڵكی موسڵ ڕایانگه‌یاندووه،له‌وكاته‌ی زیندانه‌كه چۆڵكراوه و زیندانییه‌كانیان گواستووه‌ته‌وه،ئه‌و 20 كه‌سه له‌ناو ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت به گواستنه‌وه‌ی زیندانییه‌كاندا بوون و توانیویانه ڕابكه‌ن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه ئه‌و بیست كه‌سه له‌ناوچه‌ی "ته‌مموز"ی ڕۆژئاوای موسڵ ڕایانكردووه و پاش ئه‌وه داعش ده‌یان چه‌كداری له‌و ناوچانه‌دا بڵاوه‌پێكردووه و چه‌ندین بازگه‌ی پشكنینیان داناوه و به‌دوای هه‌ڵاتووه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن.
شایه‌تحاڵه‌كان باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ماوه‌یه‌كه داعش زیندانیه‌كان ده‌گوازێته‌وه بۆ ناوچه‌ی دیكه و ده‌یانخاته ناو زیندانی گه‌ڕۆك، به‌پێچه‌وانه‌ی پێشووتر كه ژماره‌یه‌ك زیندانی له‌ناو موسڵ دا هه‌بووه.