سیسته‌می فیدراڵی رۆژئاوای كوردستان ئاماده‌یه
K24 – هه‌ولێر
هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات رایگه‌یاند بنه‌مای فیدراڵیزم له باكووری سوریا ئاماده‌كراوه.
ئیلهام ئه‌حمه‌د له لێدوانێكدا بۆ به‌شی توركی DW ئه‌ڵمانی رایگه‌یاند بنه‌مای فیدراڵیزمی باكووری سوریا ئاماده‌یه و سه‌ر له نوێ داوای دیالۆگ له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كه‌ین.
هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات له شاری ستراسبۆرگ له‌گه‌ڵ به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا و ئه‌نجومه‌نی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كۆبووه‌وه.
له چاوپێكه‌وتنێكدا، ئیلهام ئه‌حمه‌د ئاماژه بۆ سیسته‌می فیدراڵی كرد و رایگه‌یاند بنه‌مای فیدراڵیزمی باكووری سوریا ئاماده‌یه، "هه‌ڵبژاردن و ریككه‌وتن له قۆناغی كۆتاییدایه و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتیدا راده‌گه‌ینرێت".
به‌رپرسه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان هه‌روه‌ها بۆ نه‌هێشتنی داعش و دامه‌زراندنی سوریایه‌كی دیموكرات داوای یارمه‌تی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد و رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ روسیا په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان هه‌یه.
سه‌قامگیریی توركیا و سوریا پێكه‌وه به‌سته‌وه و وتی له‌ناوبردنی داعش له به‌رژوه‌ندیی توركیا دایه، كه له سه‌ره‌تای قه‌یرانی سوریاوه له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره له گفتوگۆدا بووین، به‌ڵام به‌هۆی یارمه‌تیدانی داعش له لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانمان پچڕان.
له به‌شێكی تری قسه‌كانیدا وتی وه‌ك كورده‌كانی سوریا ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی دراوسێتیمان هه‌بێت.