ئەلمۆنیتەر: پەکەکە هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان دەکات

"لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆی ئۆپۆزسیۆنی سەرکوت کردووە"
دوو چەکداری پەکەکە لە سنووری شنگال - ئەرشیف
دوو چەکداری پەکەکە لە سنووری شنگال - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

وێبسایتی "ئەلمۆنیتەر" تایبەت بە راپۆرت و شیکاری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نوێترین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، باسی لەو هێرشە کرد کە لایەنگرانی پەکەکە لە سلێمانی کردیانە سەر تیمی کوردستان24.  

لە راپۆرتەکەی "ئەلمۆنیتەر"ـدا ئاماژە بەو هێرشە یەک لەدوای یەکانەی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە دراوە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەنجامیان داوە.

هاوکات باس لەوەش کراوە کە رۆژی 5ـی حوزەیران چەکدارانی پەکەکە لە شنگال پێشمەرگەیەکیان لە ماڵەکەی خۆی رفاندووە و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆک. وێبسایتەکە ئاماژەی بەوەشدا چەکدارانی پەکەکە، لە هەمان رۆژی ساڵی پێشوودا، لە بۆسەیەکدا پێنج پێشمەرگەیان کوشتبوو.

ئەلمۆنیتەر لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، جگە لە دروستکردنی فشاری سیاسی و سەربازی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنگران و چەکدارانی پەکەکە هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان دەکەن.

ئەلمۆنیتەر، په‌لاماری ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م پزیشكی دادی شاری سلێمانی بۆ سه‌ر تیمی كوردستان24 و داخستن و قەدەغەکردنی رووماڵی رووداوەکان لە نوسینگەی کوردستان24 لە سنووری دەسەڵاتی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان، بە نموونەی ئەو هەڕەشانە هێنایەوە کە پەکەکە بۆ سەر رۆژنامەنووسان دروستی کردووە.

شڤان شوانی، بەڕێوبەری پەیوەندیەکانی دامەزراوەی کوردستان24 لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئەلمۆنیتەری راگەیاند، لایەنگرانی پەکەکە لە شاری سلێمانی هێرشیان کردووەتە سەر تیمی مەیدانی رۆژنامەنووسانی کوردستان24 و هێزە ئەمنیەکان بۆ بڵاوەپێکردنی هێرشبەرەکان، ناچاربوون تەقە بە ئاسماندا بکەن، بەڵام ئەمەش لایەنگرانی پەکەکەی نەوەستاندوە و بەردەوام بوون لەسەر راوەدوونان و ئازاردانی تیمی مەیدانی کوردستان24.

ئەلمۆنیتەر راشیگەیاند، "پەکەکە لە مێژە گەنجانی خوار تەمەنی یاسایی چەکدار کردووە، لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆی ئۆپۆزسیۆنی سەرکوت کردووە و سەرقاڵی هەوڵی شەڕانگێزانە بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی هزر و پەروەردە".

حسێن کەلاری بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بۆ هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لە 11ی ئایار لە ئۆفیسەکەی خۆی بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند، پەکەکە بەردەوامە لە رفاندن و چەکدارکردنی کەسانی خوار تەمەنی یاسایی وەك منداڵانی تەمەن 10 بۆ 12 ساڵ.

H.H