وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانی خۆپارێزی ئاراسته ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له دوو نووسراوی جیاوازدا، كه یه‌كێكیان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار كراوه و ئه‌وی دیكه‌یان ئاراسته‌ی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان كراوه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆلێرا، ژماره‌یه‌ك رێنمایی خستووه‌ته روو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوایكردووه، كۆمه‌ڵێك رێكاری تایبه‌ت بگیرێنه‌به‌ر.
له نووسراوه‌كه‌یدا بۆ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، كه واژووی سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی به‌سه‌ره‌وه‌یه، داوا كراوه، رێگری له هه‌موو ئه‌و چالاكیانه بكرێت، كه ده‌بنه هۆی بڵابوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه، به‌تایبه‌ت دابه‌شكردنی ئاوی تانكه‌ر بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كێشه‌ی ئاویان هه‌یه.
هه‌روه‌ها جه‌خت له قه‌ده‌غه‌كردنی زیاده‌ڕۆیی بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كان كراوه، له‌وانه‌ش عاره‌بانه و كۆشكی نایاسایی و ئه‌وانه‌ی مه‌رجی ته‌ندروستی په‌یڕه‌و ناكه‌ن و رێگه‌پێدراو نین.
هه‌روه‌ها داواكراوه، رێگری له ئاودانی شینایی به ئاوی پیس بكرێت، چونكه ده‌بێته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی سكچوون و رشانه‌وه.
له نووسراوه‌كه‌ی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیشدا كه ئاراسته‌ی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان كراوه، ژماره‌یه‌ك رێكار و رێنمایی به‌رچاوكراون، له‌وانه‌ش:
- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵا بۆ كۆبوونه‌وه و به‌دواداچوونی به‌رده‌وام بۆ كۆنترۆڵكردن و جێبه‌جێكردنی رێكار و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.
- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاوی شاره‌كان ئاگاداربكرێنه‌وه، به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردنی وردی پڕۆژه‌كانی ئاو و ره‌چاوكردنی ته‌واوی رێژه‌ی كلۆر له‌ناو ئاودا.
- زیادكردنی وه‌رگرتنی نموونه‌ی ئاو و پشكنینی له سه‌رچاوه‌كان و له ماڵان بۆ دڵنیابوونه‌وه له‌سه‌ر گه‌یشتنی ئاوێكی ته‌ندروست به هاووڵاتیان.
H.B