میدیای ئێرانی: تورکیا خەنجەری لە پشتی ئێران داوە

"ئێران لەوە نیگەرانە نەوەك تورکیا بکەوێتە بەرەی دژ بە تارانەوە"
ئاڵای ئێران و تورکیا
ئاڵای ئێران و تورکیا

K24 - هەولێر:

سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران زۆر بە روونی باسی لە کێشەی تاران و ئەنقەرە لە بارەی سووریا و چارەنووسی ئەو وڵاتە کرد. هاوکات بەشێک لە میدیاکانی ئێرانی پێیان وایە تورکیا خەنجەری لە پشتی ئێران داوە.

سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 20‌ـی حوزەیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، رەتی کردەوە حکوومەتەکەی "پشتگیری" لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات و گوتی: ئەوانە تۆمەتن و بایەخی وەڵامدانەوەیان نییە".

هەڵبەت هەر دوای ئەو وەڵامە، خەتیبزادە نەیشاردەوە کە تاران و ئەنقەرە بۆچوونیان لەبارەی سووریا و چارەنووسی ئەو وڵاتە جیاوازە و "کێشە"یان هەیە.

ناوبراو گوتی: "ئێمە لە کۆبوونەوەی ئاستانە لەوبارەیەوە قسەمان کرد و دووپاتمان لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووەتەوە".

میدیاکانی ئێران هاوکات لەگەڵ رووماڵکردنی قسەکانی ئەمڕۆی سەعید خەتیبزادە، بۆچوونی دیکەیان هەیە و پێیان وایە کێشەکانی ئێران و تورکیا زۆر لەوە قووڵترە.

دروستکردنی بەنداوی گەورە لەلایەن تورکیاوە کە بوونەتە هۆی وشکەساڵی لە ئێران، کارکردنی کۆمپانیا تورکیەکان لە سەرچاوە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو هەوڵانەی ئەنقەرەن کە بە بڕوای رۆژنامەی شەرق، بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە.

رۆژنامەی شەرق لەگەڵ ئاماژەدان بە پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، نووسیویەتی: ئێستا ئیسرائیل هاووڵاتیانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە لە ترسی ئێران، بۆ تورکیا گەشت نەکەن، هەر بۆیە دەبێت سیاسەتی ئێستای رەجەب تەییب ئەردۆغان بەرانبەر بە ئێران، وەک خەنجەرلێدان لە پشتەوە ببینین".

ئێران و تورکیا، دوو رکابەری دێرین

وەزیری دەرەوەی ئێران بڕیاربوو رۆژی 6ـی ئەم مانگە سەردانی ئەنقەرە بکات، بەڵام ئەو سەردانە نەکرا و هیچ لایەنێکیش بە شێوەی فەرمی باسیان لە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەفەرەکە نەکرد.

میدیاکانی ئێران لە سەر زاری چەند بەرپرسێکی وڵاتەکەیان بڵاویان کردەوە کە گەشتەکە بە هۆی "نەبوونی هاوئاهەنگی نێوان دوو وەزیر" هەڵوەشاوەتەوە.

ماڵپەڕی "ئیران دیپلۆماسی" لەوبارەویەوە نووسیویەتی: "کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیاری وەكو دروستکردنی بەنداوەکان، سووریا، عێراق و پرسی ناوچەیی لە نێوان تورکیا و ئێران هەیە و بۆیە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەنقەرە، هۆکارێکی نالۆژیکییە".

ساڵانێکی زۆرە ئەو دوو وڵاتە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر لە وڵاتانی دەورووبەری خۆیان دەدەن، ئەو وڵاتانەی کە بە قسەی خۆیان پاشکۆی ئیمپراتوورییەتی سەفەوی و عوسمانین.

لەم ساڵانەدا رکابەرییەکە لەلایەن تاران و ئەنقەرە کۆنترۆڵ کراوە و هەوڵدراوە گرژی لێ نەکەوێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنی فراوانی سوپای تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل و پێوەندیی نوێی ئەنقەرە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، رەنگە پێکەوەژیانی نێوان تورکیا و ئێران ئەستەمتر بکات.

"عەرەبییە جەدید" لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە: "ئێران لەوە نیگەرانە نەوەك تورکیا بەهۆی پەیوەندی نوێی لەگەڵ سعوودیە، ئیمارات و ئیسرائیل، بکەوێتە بەرەی دژ بە تارانەوە. ئێرانییەکان پێیان وایە پێوەندییە نوێیەکانی تورکیا، دەستەڵات و هێزی تاران لە ناوچەکەدا لاواز دەکات".

ئیمارات بە نیازە چەک و تەقەمەنی لە تورکیا بکڕێت و سعوودیەش چاوی لە فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بڕیوە بۆ ئەوەی شەری حوسییەکانی پێ بکات.

ئەنقەرە هەوڵی داوە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوچەیی خۆی، لە پێوەندی دوو قۆڵی لەگەڵ ئێران جیا بکاتەوە، بەڵام پێدەچێ پێوەندییە نوێیەکان تورکیا بخاتە ناو بەرەیەکەوە کە ئامانجەکەی رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێرانە. تورکیاش وەکو وڵاتانی دیکە زەرەری لە سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێران بینیوە و لە ئێرانی خاون چەکی ناوکی دەترسێ.

تورکیا پێشوازی لە دانووسانە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات و ئەمەش بە هۆی پێوەندی پتەوی ئابووری لەگەڵ ئێران و دروستبوونی رکابەریی پڕچەکبوونی وڵاتانە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی دانووستانە ئەتۆمییەکان.

لە راستیدا ئێران و تورکیا پلانی ناوچەیی جیایان هەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئیدارەدانی پلانە جیاکان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان، ئەستەم بن.