جه‌عفه‌ر ئیمێنكی: پارتی بێ مه‌رج ناچێته‌ هیچ پرۆسه‌یه‌كی سیاسی له‌ عێراق

"سازان و هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی بنه‌مای حكومه‌تێكی به‌هێز و به‌شداریكردنی پارتین له‌ پرۆسه‌ی سیاسی"

K24- هه‌ولێر:

جەعفەر ئێمینكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، بێ مەرج ناچنە نێو ھیچ پڕۆسەیەكی سیاسی و خۆشیان پەراوێزناخەن، گوتیشی: لای پارتی رێزگرتن لە دەستوور و پاراستنی سازان، ھاوبەشی و ھاوسەنگی بنەمای سەرەكین بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك پارتی كراوه‌ینه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسیش كراوه‌ینه‌ و بایكۆتی ناكه‌ین و خۆشمان په‌راوێز ناخه‌ین و چاره‌نووسی ئێمه‌ له‌و وڵاته‌ به‌مشێوه‌یه‌ی و ده‌بێت به‌رده‌وام بین.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ بێ مه‌رج ناچینه‌ ناو هیچ پرۆسه‌یه‌كی سیاسی، به‌لای ئێمه‌وه‌ پێویسته‌ رێز له‌ ده‌ستوور بگیرێت و ته‌وافوق، هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی پارێزراو بن، ئه‌وكات هه‌ر لایه‌نێكی سوننی، شیعی و كوردی هاوبه‌شی ئێمه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و دیالۆگی له‌گه‌ڵیان ده‌كه‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵیان بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌م وڵاته‌ بێ بوونی حكومه‌تێكی به‌هێز به‌ڕێوه‌ناچێت و ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، زه‌ره‌مه‌ندی یه‌كه‌م هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، مووشه‌كمان ئاراسته‌ ده‌كرێن و درۆنمان بۆ ده‌نێرن، به‌دجه‌ی گشتی عێراق كه‌ به‌گوێره‌ی رێژه‌ی دانیشتوان دابه‌ش ده‌كرێت، به‌شی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێویست نییه‌، بۆیه‌ ئه‌رك و مافێكی ئێمه‌یه‌، كه‌ ئاماده‌ییمان له‌ به‌غدا به‌هێزبێت.   

، رایدەگەیەنێت بێ مەرج ناچنە نێو ھیچ پڕۆسەیەكی سیاسی و خۆشیان پەراوێزناخەن، بەڵكو لای پارتی رێز گرتن لە دەستوور و پاراستنی سازان، ھاوبەشی و ھاوسەنگی بنەمای سەرەكین و بێ ئەوانە حكومەتێكی بەھێز پێكنایەت و بەڕێوەناچێت.

H.B