نێچیرڤان بارزانی: تاوانكار رووبه‌ڕووى سزاى ياساييى خۆى ده‌بێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له پرسه‌ی هه‌ردوو مامۆستای زانكۆ (دكتۆر كاوان ئیسماعیل و دكتۆر ئیدریس حەمەخان) كرد، كه دوێنی له میانی رووداوێكدا گیانیان له‌ده‌ستدا.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 29ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له هه‌ولێر به‌شدارى له پرسه‌ى هه‌ردوو مامۆستاى خوالێخۆشبوو‌ى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين (د.كاوان ئیسماعیل و د.ئیدریس حەمەخان) كرد كه دوێنێ سێشه‌ممه له تاونكارييه‌كدا گيانيان له ده‌ستدا.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه، نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پێشكه‌شكردنى پرسه و سه‌ره‌خۆشى و ده‌ربڕينى هاوسۆزى له‌گه‌ڵ خانه‌واده و كه‌سوكار و مامۆستايان و قوتابيانى زانكۆدا، هيواى خواست خواى مه‌زن گيانى هه‌ردووكيان به به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و سه‌بوورى و ئارامى به هه‌موومان ببه‌خشێت.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌مووانى دڵنياكرده‌وه دادگا و لايه‌نه په‌يوه‌نداره‌كان هه‌موو رێكارێكى ياسايى ده‌گرنه‌به‌ر و تاوانكار رووبه‌ڕووى سزاى ياساييى خۆى ده‌بێته‌وه.