ناتۆ: پلانمان هەیە ژمارەی سەربازەکانمان زیاد بکەین

"بەشێکى گەورەى ئەم هێزە لە وڵاتەکانى خۆیان جێگیر دەبن"
هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ناتۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا
هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ناتۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا

K24 - هەولێر:

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێرى گشتیى ناتۆ رایگەیاند، پلانیان هه‌یه‌ تا 2023 ئامادەکاری بکەن بۆ زیادکردنی ژمارەى سەربازانى هێزى بەرپەرچدانەوەى ناتۆ بۆ سەرووى 300 هەزار.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "ئەنادۆڵ"، یەنس ستۆڵتنبێرگ  لەمیانەی بەڕێوەچوونى لووتکەى ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ئەنجامدا.

ستۆڵتنبێرگ لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەی پلانەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەى سەربازەکانى هێزى بەرپەرچدانەوەى ناتۆ کە لە یەکەى سەربازیى ئامادەکراوى ئاست بەرز پێکدێن، گوتی "وڵاتانى هاوپەیمان بە رەهەندى جیاواز بەشدارى لەم هێزەدا دەکەن".

ناوبراو گوتیشی: "بەشێکى گەورەى ئەم هێزە لە وڵاتەکانى خۆیان جێگیر دەبن".

سكرتێری گشتیی ناتۆ باسى لەوەش کرد، وڵاتانى هاوپەیمان ئەم یەکانە لە نێو ناتۆ رێکدەخەن و ئامادەکارییەکانیشیان زیاتر دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "بەشى یەکەمى ئەو هێزە (لەکاتی پێویست) لە 10 رۆژى یەکەم و ئەوەى دیکەش لە ماوەى 30 رۆژدا ئامادە دەبن. کۆى گشتیى ئەم دوو بەشە لە زیاتر لە 300 هەزار سەرباز پێکدێن. پلانەکانمان ئەوەیە کە تاکو ساڵى ئایندە ئەمانە ئامادەبن".

یەنس ستۆڵتنبێرگ راشیگەیاند، چاوەڕوانن هاوپەیمانەکان پابەندى ئەو بەڵێنانەیان بن کە بۆ ئەم هێزە داویانە و جەختى لەوەکردەوە کە ئەوە هێزەى لە وڵاتى خۆى چاوەڕێ دەکات جێگەى دیاریکراوى دەبێت کە پێشتر دەستنیشان کراوە.

سکرتێرى گشتیى ناتۆ ئەوەشى ئاشکرا کرد لەمیانەی بەڕێوەچوونى لووتکەى ناتۆ پاکێجى پاڵپشتیى دوور مەودایان بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە و تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆسنە و هه‌رزه‌گۆڤینا، مۆڵدۆڤا و جۆرجیا بەردەوام دەبن لە پێشکەش کردنى پاڵپشتى لە دژى رووسیا.