نێیمار بڕیاری رۆیشتنی له‌ پاریس داوه‌

نێیمار دا سیلڤا یاریزانی پاریس سانجێرمان و ناسڕ خلێفی سه‌رۆكی پاریس سانحێرمان
نێیمار دا سیلڤا یاریزانی پاریس سانجێرمان و ناسڕ خلێفی سه‌رۆكی پاریس سانحێرمان

چارەنووسی نێیمار لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ سەرۆکی یانە فەرەنسیەکە نزیکە لە کۆتایی و چێڵسیش زۆرترین هەوڵ دەدات بۆ گواستنەوەی نێیمار، بەڵام یاریزانە بەڕازیلیەکە ئارەزووی گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا دەکات بەپێچه‌وانەوە یانە ئیسپانیەکە یەکەمین ئامانجی گواستنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیە.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، جیابوونەوەی نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلی و پاریس سانجێرمان نزیکە، ​​دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و سەرۆکی یانەکە چووە بنبەستێکەوە، بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییەی خلێفی و ڕەخنەگرتن لە سەرکردەکەی سامبا.

بەگوێرەی رۆژنامەی "لۆ پاریسیەن"، نێیمار نزیکە لە جێهێشتنی پاریس سان جێرمان، ئەوەشی خستۆتەڕوو کە چێڵسی لەژێر کارگێری نوێدا نزیکترینە لە پەیوەندیکردن بە یاریزانەکەوە لەم ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا هەوڵی گواستنەوەی دەدەن، نیوکاسڵ یونایتدیش هەوڵی گواستنەوەی دەدات.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە كارگێڕی پاریس سان جێرمان كەسوكاری نێیماریان ئاگادار كردۆتەوە كە پارێزگاری لە نێیمۆ ناکەن و جەخت لەوە كراوەتەوە، كە هەردوولا بەدوای باشترین رێگە دەگەڕێن کە لەبەرژەوەندی هەردوولابێت، لە کاتێکدا هەردوولا خواست جیابوونەوەیان هەیە.

نێیمار ئامادەیە لە سانجێرمان بڕوات، چونکە هەمیشە گوتویەتی دەبێت هەست بەوە بکات کە خۆشەویستەکە لە یانەکەی، هیچ ناڕەزایەتییەکیش لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە نییە لە رۆیشتنی بەڕازیلیەکە.

نێیمار وەرزێکی خراپی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەسەر برد، لە 28 یاریدا 13 گۆڵی تۆمارکرد و 8 گۆڵی دروست کرد، لە لایەکی دیکەوە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کرد کە یاریزانە بەڕازیلییەکە، لە رێگەی بریکارەکەیەوە خۆی پێشکەش بە بارسێلۆنا کردووە.

بەرنامەی "ئێل چیرینگیتۆ"ـی ئیسپانی رایگەیاندووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی بارسا لە لەدەستدانی گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی،  بێنی زەهاڤی، بریکاری ئەستێرە بەڕازیلیەکە نێیماری خستووەتە بەردەم بارسێلۆنا بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بیگەڕێننەوە ریزەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرێبەستەکەی نێیمار بە تەنیا 50 ملیۆن یۆرۆ لەسەر بارسێلۆنا دەکەوێت.

هێما بۆ ئەوەش کراوە نێیمار بەباشی دەزانێت بگەڕێتەوە بارسا و ئەگەر لە یانە پاریسیەکە بڕوات تاکە شوێن کە بۆی بچێت بارسێلۆنا دەبێت.

بەڵام لە ئێلچێرینگیتۆ باس لەوەش کرا کە بارسا بیر لە گەڕاندنەوەی نێیمار ناکاتەوە سەرەڕای ئەوەی پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە هەیە و ئامانجی یەکەمی بارسا لیڤاندۆڤسکیە.