باڵیۆزی سوید: هێرشه مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر ژێرخانی هه‌رێمی كوردستان به توندی ئیدانه ده‌كه‌ین
K24- هه‌ولێر:
باڵیۆزی سوید له عێراق هێرشه‌كانی سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ئیدانه‌كرد و دووپاتیكرده‌وه، ئەو هێرشانە تیرۆریستین و بەهیچ شێوەیەك قبوڵکراو نین.
جۆناس لۆڤێن، باڵیۆزی سوید لە عێراق سه‌ردانی سۆرانی كرد و له په‌راوێزی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی: پشتیوانی لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەین و بەتووندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە دەکەین.
له درێژه‌ی گوته‌كانیدا بۆ كوردستان24، باڵیۆزی سوید له عێراق جه‌ختی كرده‌وه، "نیگەرانین لە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئەو هێرشانەی لەلایەن تیرۆریستان و میلیشیاکان و وڵاتانی دراوسێوە ئەنجامدەدرێن و بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین".
دووپاتیشیكرده‌وه، "ئەم هێرشانە زەنگێکی ئاگادارکردنەون، چونکە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دۆخی نارامی و نا سەقامگیریان بەخۆیانەوە بینیوە".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "په‌لاماره‌كان جێگەی نیگەرانی ئێمەن و ئەو هێرشانە و بەتوندی ئیدانە دەکەین و هیوادارین ئەو جۆرە هێرشانە دووبارە نەبنەوە."
ئه‌م گوتانه‌ی باڵیۆزی سوید له‌كاتێكدان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هه‌وڵه‌كانی بۆ جوڵاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چڕكردووه‌ته‌وه، بۆ رێگریکردن لە هێرشە مووشەکییە دووبارەبووەکان بۆ سەر دامەزراوە نیشتمانییەکانی هه‌رێمی كوردستان.
له ماوه‌كانی رابردوودا هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی زنجیره‌یه‌ك هێرشی مووشه‌كی كاتیۆشا و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان بووه‌وه، به‌تایبه‌ت هێرشه‌كانی سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر له سنووری پارێزگای سلێمانی و بۆ سه‌ر بیره نه‌وتێك له سنووری پارێزگای هه‌ولێر.
هه‌رێمی كوردستان په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌و هێرشانه بۆ گرووپه چه‌كداره له‌یاسا ده‌رچووه‌كانی عێراق درێژ ده‌كات، له‌كاتێكدا به‌رپرسان ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر ژێرخانی ئابووری به‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی ده‌به‌ستنه‌وه، كه به‌رهه‌ڵستی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئه‌و یاسایه‌ی له ساڵی 2007 له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگی له‌سه‌ر درا.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئیدانه‌ی هێرشه مووشه‌كییه دووباره‌بووه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی كرد و دووپاتیكرده‌وه، ئامانجی ئه‌و جۆره په‌لامارانه بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی و تێكدانی سه‌قامگیرییه له هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
H.B