مەلا بەختیار: تاکە کاندیدی پشتیوانی لێکراو لای چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی یەکێتی نییە

"مەعلوم نییە سەدر لە 15ی تەممووز نەیقەومێنێ"
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

K24 – هەولێر

مەلا بەختیار رایدەگەیەنێت: تاکە کاندیدی پشتیوانی لێکراوی سەرۆك کۆمار، لای چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی یەکێتی نییە.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتارێکدا نووسیویەتی: "چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەیامێکیان ئاراستەی یەکێتی و پارتی کردووە، هەتا کاندیدی سەرۆك کۆمار یەکلابکەنەوە. ئەم پەیامە، بەشێوەیەکی گشتی، پەرۆشی چوارچێوەکە بۆ چارەسەری کێشەکان دەگەیەنێ، بەڵام ژێر دێری پەیامەکە، سەرسوڕهێنەرە. بۆ؟ چونکە هەتا سەماحەتی سەدر لە پرۆسەکە نەکشابوەوە، چوارچێوە، پشتیوانی کاندیدی یەکێتیان بۆ سەرۆك کۆمار دەکرد. ئێستا کە بەرە سێقۆڵیەکەی سەدریەکان و پارتی و سوننە، تێكچووە، چەند رۆژێك دیمەنە سیاسیەکە وادەبینرا گوایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئیتر سەرکەوت و لە کوردستانیشدا، یەکێتی دەیباتەوە، بەڵام بەرەبەرە، دیمەنەکە هەڵگێڕدرا، پارتی لەسەر کاندیدی خۆی سوورە. یەکێتیش کاندید ناگۆڕێ؛ سەدرییەکانیش لەسەر هێڵی سووری ناکۆکییەکان گوڕیان بەستووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لیستی نەسر و ئەلحیکمە، لە دژواری دۆخەکە کشانەوە و ئامادەنین ببنە بەشێکی کابینەی چوارچێوە، هادی عامریش ناکۆکی لە تەك مالیکی هەیە و هێشتا کاندیدێکیان بۆ سەرۆك وەزیران بەتەنها نییە. هەموو لایەکیشیان نەیانتوانی، کاندیدی یەکێتی بکەنە سەرۆك. بۆیە، ناچاربوون پەیامێك بڵاوبکەنەوەو کێشەی یەکلایی کردنەوەکە بخەنە گەروی کورد. ئەمە لە کاتێكدا، لە بنجینەدا، کێشەی قوڵ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە هەناوی شیعەکاندایە".

بە بڕوای مەلا بەختیار: "ئەم پەیامەی چوارچێوە بۆ کورد، کە کاندیدی سەرۆك کۆمار لەناو یەکێتی و پارتی ساغ بکەنەوە، لایەنی کەم والێكدەدرێتەوە: یەکەم: تاکە کاندیدی پشتیوانی لێکراوی سەرۆك کۆمار، کاندیدی لای چوارچێوە یەکێتی نییە. دوەم: بە هەموو ئاڵوگۆرەکانەوە، لە ناو کورسییەکانی پەرلەمان، چوارچێوە هێشتا ناتوانێ (220) کورسی بۆ سەرۆک کۆمار دەستەبەر بکات. بۆیە لەگەڵ پارتی نەرمی دەنوێنن، هەتا پارتی و سوننەکان رابکێشن! سێیەمیش: هەموو لایەکیان نیگەرانن، کە لەدوای 15/7 رەوتی سەدر، لە مەدینەی سەدر، نەیقەومێنێ".