سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوکاریی هەڵبژاردن كۆده‌بێته‌وه‌

"ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن په‌رله‌مان له‌ رووی یاساییه‌وه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگیان ده‌بێت"
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوکاریی هەڵبژاردن و به‌رپرسی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر كۆده‌بێته‌وه
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوکاریی هەڵبژاردن و به‌رپرسی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر كۆده‌بێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:

د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (6ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2022) پێشوازیی له‌ ئه‌میر ئاریان، بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوکاریی هەڵبژاردن لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و ریكاردۆ ڕۆدریگز، به‌رپرسی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر كرد.

ماڵپه‌ڕی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، له‌ دیداره‌كه‌دا دواین به‌ره‌وپێشچوونه‌ سیاسییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق و كوردستان، گفتوگۆی تێروته‌سه‌لیان له‌باره‌وه‌ كرا، ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گرنگی دیداره‌كه‌ بوو.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ چه‌قبه‌ستوویی دۆخه‌كه‌ و نه‌گه‌یشتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ رێككه‌وتنێكی گونجاو رایگه‌یاند، "ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌دا روانگه‌ی راشكاوانه‌ی خۆمان خستووەتەڕوو كه‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن وابه‌سته‌ی سازان و لێكتێگه‌یشتنی ھەمەلایەنەی نێوان حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه، له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگی نیشتمانی، یه‌كتری قبووڵكرن".

گوتیشی: سازشكردن له‌سه‌ر هه‌ندێك ماف و ده‌ستپێشخه‌ریی بوێرانە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن ئەركێكی نیشتمانییە بۆ دەربازكردنی عێراق لەم دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی تێیكەوتووە لە ناسەقامگیریی سیاسی و ئابوورى".

لە تەوەرێكی دیكەى گفتوگۆكاندا، باس له‌ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان و چەند پرسێكی ھەنووكەیی و روانگەی حزبە سیاسییەكان له‌سه‌ر ھەڵبژاردن و میكانیزمی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن، تۆماری دەنگدەران و بازنەكانی ھەڵبژاردن كرا و سه‌رۆكی په‌رله‌مان روونیكرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن په‌رله‌مان له‌ رووی یاساییه‌وه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگیان ده‌بێت".

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی ماڵپه‌ڕی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌میر ئاریان، بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوکاریی هەڵبژاردن لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد، بۆ خستنەڕووی ھەموو ئەو زانیارییانه‌ی لەمیانی دیدارەكەدا خستیانەڕوو.