رێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قوربان

" لە کاتی دابەشکردنی گۆشتی قوربانی پێویستە کیسی نوێ و روون و بێ رەنگ بەکاربهێنرێت"
ئامادەکارییەکانی مەیدانی ئاژەڵان لە سلێمانی بۆ  جەژنی قوربان،  فۆتۆ: دانا حەمە غەریب/ کوردستان24
ئامادەکارییەکانی مەیدانی ئاژەڵان لە سلێمانی بۆ جەژنی قوربان، فۆتۆ: دانا حەمە غەریب/ کوردستان24

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کشتوکاڵ رێکارەکانی سەربڕینی ئاژەڵانی لە جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە و جەختدەکاتەوە پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕیخانەی فەرمی سەرببڕدێن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی نەخۆشی بەتایبەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون چەند رێکارێکی پیویستیان دەرکردووە.

ئاماژە بەوەشکردووە، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو ڕێکارانە جێبەجێ دەکەن لەپێناو  بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان.

رێکارەکان بریتین لەمانەی خوارەوە:

1. لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کوشتارگەکان کراوەبن و پزیشکی فێتێرنەری لە کوشتارگە هەڵدەستێت بەو ئەرکەی بەپێی یاسا و رێنماییەکان بۆی دیاریکراوە.

2. ناوی ئەو کوشتارگانەی کە لە ڕۆژانی جەژن کراوەن لە میدیاکان و یەکە کارگێریەکان ڕابگەیەنرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاژەڵەکانیان لەم کوشتارگانە سەرببڕن .

3. پێویسته ئاژەڵەکان لەسەرخانەی فەرمی سەرببڕدرێن بۆ ئەوەی لەلایەن پزیشکی فێتێرنەری تایبەتمەند پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینیان بۆ ئەنجام بدرێت ،بۆ ئەم مەبەستە سەربڕینی ئاژەڵ لەدەرەوەی سەربڕینخانەکان رێگە پێدراو نیە.

4. پێویستە ئاژەڵەکە ساغ بێت و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی نەبێت و گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەکی لەسەر نەبێت.

5. بەکارنەهێنانی هەر جۆرە دەرمانێک بۆ ئاژەڵەکان ،هەر ئاژەڵێک دەرمانی چارەسەرکردنی نەخۆشی پێدرابێت نابێت راستەوخۆ سەر ببردرێت و پێویستە ماوەی سەربڕین دوای چارەسەرکردن بەدەرمان بەپێی رێنمایی پزیشکی فێتێرنەری تایبەتمەندی خودی دەرمانەکە بێت.

6. پێویستە ئەو کەسەی قوربانی ئەنجام دەدات گشت رێکارەکانی خۆپارێزی بەکاربهێنێت بە تایبەتی بەکارهێنانی دەستکێش. 

7. ڕێنمایی هاوڵاتیان بکرێت کە 24 کاتژمێر گۆشت لە ساردکەرەوەکان هەلبگرێت دواتر بە کاربهێنرێت.

8. فرێنەدانی پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵ لە شەقام و کۆڵان و بازاڕ و شوێنە گشتیەکانی دیکە. 

9. رێنمایی هاووڵاتیان بکرێت لەکاتی دابەشکردنی گۆشتی قوربانی پێویستە کیسی نوێ و روون و بێ رەنگ بەکاربهێنرێت.

10. لەکاتی گواستنەوەی گۆشت رەچاوی پلەی گەرمی گونجاو بکرێت.