دەستەی ژینگە دوادەکات پاشماوەی قوربانی لە کۆڵانەکاندا فڕێ نەدرێت

"لەکاتی چوونە سەیراندا ژینگە بپارێزن و ئاگر جێمەهێڵن".
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - سلێمانی

دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە رۆژانی جەژنی قورباندا، رەچاوی رێنماییە ژینگەییەکان بکەن و پاشماوەی قوربانی کردن لە کۆڵان و شەقامەکاندا فڕێ نەدەن، لە کاتی چوونە سەیران و گەشتدا، ژینگە لە پیسبوون بپارێزن و ئاگر جێنەهێڵن بۆئەوەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە دروست نەبێت.

لە راگەیەندراوێکیدا، کە بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ 7ی تەممووزی 2022، دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەو هاووڵاتییەی دەیەوێت قوربانی بكات بە كوشتنەوەی ئاژەڵێك و دابەشكردنی گۆشت بەسەر هاووڵاتیان دا، پێویستە ئەو ئاژەڵەی ئامادەیكردووە بۆ كوشتنەوە لەسەربڕخانەی فەرمی بكوژرێتەوە، بۆ ئەوەی لەژێر چاودێری پزیشكی ڤێتەرنەری بێت و پاشماوەكان لەو شوێنە فڕێبدرێت نەك لە كۆڵانەكان و شەقامی گەڕەكەكان".

لە جەژنی قورباندا، لە کاتێکدا رێورەسمی حەج بەڕێوەدەچێت، لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی جیهان، بەگوێرەی رێکارەکانی ئاینی ئیسلام، بەشێک لە هاووڵاتیان، ئاژەڵ (مەڕ، بزن، رەشەوڵاخ و وشتر) دەکەنە قوربانی و گۆشتەکەی بەسەر خەڵیکدا دابەشدەکەن.

دەستەی ژینگە، بە پێویستی دەزانێت، ئەو ئاژەڵانەی بۆ سەربڕین ئامادەکراون، پشکنینیان بۆ بکرێت، تا دڵنیابن لەوەی تووشبووی تای خوێنبەربوون نییە.

رێنمایی هاووڵاتیانیش دەکات، بۆئەوەی لەکاتی چوونە سەیراندا، سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان، لە پیسبوون بپارێزن و پاشماوەی ئاگر جێنەهێڵن، بۆ ئەوەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی پووش و پاوەن و دارستانەکان دروست نەبێت.