"لە هەفتەیه‌كدا نزیكه‌ی 900 گرێبه‌ستی هاوسه‌رگری تۆماركراون"

تۆماری گرێبه‌ستی هاوسه‌رگری و جیابوونەوەی هاوسەران ده‌خرێته‌ڕوو
دیمه‌نێكی ئه‌لقه‌ گۆڕینه‌وه‌ی هاوسه‌ران.. ئه‌رشیڤ
دیمه‌نێكی ئه‌لقه‌ گۆڕینه‌وه‌ی هاوسه‌ران.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و کاروباری شارستانی لە هەفتەیه‌كدا نزیكی 900 گرێبه‌ستی هاوسه‌رگری تۆماركراون، له‌به‌رامبه‌ریشدا 106 تۆماری جیابوونەوەی هاوسەرگیری هه‌بووه‌.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و کاروباری شارستانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی رابردوودا 872 تۆماری هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون کە 272 لە سنووری پارێزگای هەولێر و 358 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 204 لە سنووری پارێزگای دهۆک و 14 لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بوون.

لە هەمان کاتیشدا 106 تۆماری جیابوونەوەی هاوسەرگیری تۆمار کراون، کە 27 لە سنووری پارێزگای هەولێر و 56 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 17 لە سنووری پارێزگای دهۆک و 6 لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بوون.

بەپێی هەمان ئامار، 342 تۆماری مردن تۆمار کراون، کە 105 لە سنووری پارێزگای هەولێر و 139 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 84 لە سنووری پارێزگای دهۆک و 14 لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بوون.

ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و کاروباری شارستانی ئاماژە بەوەش دەکات، کە لەو هەفتەیەدا 16 هەزار و 564 کەس کارتی نیشتمانی نوێیان دەرکردووە، کە 6 هەزار و 666 لە سنووری پارێزگای هەولێر و 5 هەزار و 420 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 3 هەزار و 728 لە سنووری پارێزگای دهۆک و 750 لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بوون.

لە هەمان کاتیشدا 377 کەس کارتەکانی خۆیان نوێ کردووەتەوە، کە 169 لە سنووری پارێزگای هەولێر و 113 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 91 لە سنووری پارێزگای دهۆک و 4یش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بوون.