مەرج و رێکارە ئایینی و تەندروستییەکان بۆ قوربانیکردن

داوا دەکرێت ئاژەڵ لە سەربڕینخانەکان بکرێتە قوربانی
ئامادەکارییەکانی مەیدانی ئاژەڵان لە سلێمانی بۆ  جەژنی قوربان،  فۆتۆ: دانا حەمە غەریب/ کوردستان24
ئامادەکارییەکانی مەیدانی ئاژەڵان لە سلێمانی بۆ جەژنی قوربان، فۆتۆ: دانا حەمە غەریب/ کوردستان24

K24 - سلێمانی:

قوربانیکردن سرووتێکی ئایینییە و لە جەژنی قورباندا ئەنجام دەدرێت، بریتییە لە سەربڕینی ئاژەڵ (مەڕ، بزن، رەشە وڵاخ و وشتر)، بەرپرسانی پارێزگا و ئیدارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانیش داوا دەکەن، بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی تای خوێنبەربوون و کۆلێرا، ئاژەڵ لە سەربڕینخانەکان بکرێنە قوربانی.

چەند مەرجێک بۆ قوربانیکردن دیاریکراوە کە بریتین لەوەی. ئەو ئاژەڵەی دەکرێتە قوربانی، ئاژەڵیکی تەندروست بێت و نەخۆشییەکی نەبێت کە کاریگەری هەبێت لەسەر گۆشت و شێوەی، نابێت ئاژەڵی کوێر، شەل بۆ قوربانیکردن بەکاربهێندرێت، ناشبێت گۆشت و پێستەکەی بفرۆشرێت، دەبێت سەرجەم بەشەکانی ببەخشرێتەوە یان خاوەنی قوربانییەکە بەکاریبهێنێت.

لەڕووی شەرعییەوە، قوربانیکردن سووننەتە و واجب نییە، واباشترە ئەو کەسەی قوربانییەکە دەکات، لە 10 رۆژی پێش جەژندا، کە لەناو کورددا بە نۆمینەی حاجیان ناسراوە، نینۆک و مووەکانی، کورت نەکاتەوە.

کاتی سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی، دەکەوێتە رۆژی 10هەمی مانگی زولحیجەوە (رۆژی جەژنی قوربان) واتە لەدوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن دەستپێدەکات، تا کاتی خۆرئاوابوونی چوارەم رۆژی جەژن بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی ئاینی ئیسلام، ئامانج لە قوربانیکردن، دەربڕینی بەندایەتی و ئەنجامدانی پەرستشێکی داراییە، سوپاسگوزاری کردنە لە بەرامبەر بوونی ماڵ و سامان، رێگایەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارێکە بۆ دڵخۆشکردنی هەژاران، دەربڕینی بەخشندەییە بۆ خۆت و خێزانەکەت لە جەژندا.

گۆشتی ئاژەڵی قوربانی، ئەگەر نیەتی نەزری لێ نەهێندرابێت، ئەوا دەتوانرێت بکرێت بە سێ بەشەوە، بەشێکی بۆ ماڵ و منداڵی ئەو کەسەی قوربانییەکەی کردووە، بەشێکی بۆ دراوسێ و کەسەکانی بێت و بەشی کۆتایی دەدرێت بە هەژاران، لەڕووی ئاینیشەوە درووستە، گۆشتی قوربانی بدرێت بە کەسێک مسوڵمان نەبێت، ئەگەر ئاژەڵێک، دوای کڕینی بۆ قوربانی، پەلێکی شکا یان ئازاری پێگەیشت،  ئاساییە بکرێتە قوربانی.

 کەسێک کە مردبێت و وەسێتی کردبێت یان نا، لەڕووی ئاینییەوە دروستە قوربانی بۆ بکرێت.

تەمەنی ئاژەڵی قوربانی بەمشێوازە دیاریکراوە، مەڕ دەبێت تەمەنی شەش مانگی تەواوکردبێت، بزن دەبێت ساڵێکی تەواوکردبێت، رەشەوڵاخ (گا، مانگا) دوو ساڵی تەواوکردبێت و وشتر (حوشتر) پێنج ساڵی تەواوکردبێت.

واباشترە چاکترین و قەڵەوترین، ئاژەڵی شاخدار بکرێتە قوربانی، ئەگەر کەسێک توانای هەبوو

باشترە خۆی ئاژەڵەکە سەرببڕێت، بەڵام ئەگەر نەیتوانی، ئەوا دەبێت پارە بداتە کەسێک، بۆئەوەی ئاژەڵەکەی بۆ سەرببڕێت و گۆشتەکەی بۆ ئامادەبکات.

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی رێکارە تەندروستییەکان بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی، کۆلێرا و تای خوێنبەربوون رێگە نادرێت ئاژەڵ لە کۆڵان و ماڵاندا سەر ببڕدرێت، بۆیە ئیدارەی شار و ناوچە جیاوازەکان، داوا لە هاووڵاتیان دەکەن ئاژەڵەکانیان ببەنە سەربڕینخانەکان، بۆئەوەی لەوێ سەرببڕدرێت و پشکنینی تەندروستی بۆ ئەنجامبدرێت، بەئامانجی بەکارهێنانی گۆشتێک کە تەندروست بێت و نەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی نەخۆشی.