بۆری ئاوی ئیفراز سێ چاككرایەوە
K24 – هەولێر
دوای ئەوەی دوێنی جارێکی دیکە بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر شکا، ئەمڕۆ بۆرییەکە لەلایەن تیمەکانی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر چاککرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ بۆری ئیفراز 3ی هەولێر چاککراوەتەوە و ئاو گەیشتووەتە چەند گەرەكێكی شاری هەولێر و تا ئێوارە ئاو دەگاتەوە زۆربەی گەڕەکەکان.
پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشکرد: "تیمەکانی چاککردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە کاتەکانی شەو بەردەوام بوونە لە کارکردن، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ توانراوە بۆرییەکە چاکبکرێتەوە و ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر بەربدەنەوە".
بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر ئاوی بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر دابین دەکات، بەهۆی جۆری ماددەی بۆرییەکە تا ئێستا نزیکەی 20 جار بۆرییەکە شکاوە.