یوڤێنتۆس 800 ملیۆن یۆرۆی له‌ پێناو چامپیۆنزلیگ خه‌رج كردووه‌ و ده‌ستبه‌تاڵ بوو

كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی پێشووی یانه‌ی یوڤێنتۆس
كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی پێشووی یانه‌ی یوڤێنتۆس

یوڤێنتۆس لە ماوەی پێنج وەرزدا تا ئێستا زیاتر لە 800 ملیۆن یۆرۆی خەرج کردووە، تەنیا لە پێناو بردنەوەی ناسناوی چامپیۆنزلیگ، بەڵام نەک هەر جامە گوێچکەدارەکەی نەبردەوە، بەڵکو سێریا ئەیشی لەسەر دانا و بەرەو ئاقارێکی نادیار رۆیشت.

لە ساڵی 2018 یوڤێنتۆس ئامادەبوو کۆنترۆڵی تۆپی پێی ئەوروپا بکات، لە هاوینی دوای بردنەوەی حەوتەمین ناسناوی سێریا ئەی، یوڤێنتۆس بە ئامانجێکی گەورەوە چووە نێو بازاڕی یاریزانان و چەند گرێبەستێكی گەورەی کرد.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ

خانمە پیرەکە ئەو کاتە کریستیانۆ رۆناڵدۆی بە 117 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە، به‌ڵام دۆخی خراپتر بوو، هەر ئەوکات چەند گرێبەستێکی دیکەی واژۆ کرد،  جواو کانسێلۆ بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆم دۆگلاس کۆستا بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ، لیۆناردۆ بۆنوچی بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ و ئێمرێ جانیشی بە خۆڕایی بردە ریزەکانی.

یوڤێنتۆس زیاتر لە 263 ملیۆن یۆرۆی بۆ بەهێزترکردنی تیپەکەی خەرج کرد، لەگەڵ بوونی کۆمەڵێک ئەستێرە لە تیپەکە وەکو پاولۆ دیبالا و سامی خدێرا و ماریۆ ماندزۆکیچ و خوان کوادرادۆ و مێرالیم پیانیچ.

ماتیاس دی لیخت

لە ساڵی دواتر یوڤێنتۆس جارێکی دیکە بەهێز چووە بازاڕی گواستنەوەکان، ماتیاس دێ لیختی هۆڵەندی بە 85 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە، دانیلۆی بەڕازیلی بە 37 ملیۆن یۆرۆ، کۆلۆسێڤسکی سویدی بە 35 ملیۆن یۆرۆ، کریستیان رۆمێرۆ بە 31 ملیۆن یۆرۆ، لۆکا پیلیگرینی بە 22 ملیۆن یۆرۆ، دێمیرال بە 19 ملیۆن یۆرۆ، ئارۆن رامسی بە خۆڕایی، ئادریان رابیۆ بە خۆڕایی و جیانلویجی بوفۆن بە خۆڕایی.

سەرەڕای ئەوەی یوڤێنتۆس زیاتر لە 230 ملیۆن یۆرۆی لەدەست دا و ناسناوی نۆیەمی لەسەریەکی سێریا ئەی بردەوە، بەڵام هەر ئامانجە سەرەکییەکەی نەپێکا کە بردنەوەی ناسنای چامپیۆنزلیگ بوو، ئەو کاتە لە وەرزی 2019-2020 لە قۆناغی شازدە بەرامبەر لیۆن دۆڕا و ماڵئاوایی کرد.

ئەو کاتە ئاندریا ئانێلی سەرۆکی یوڤینتۆس رایگەیاند لە هاوینەوە پشتڕاستیان کردووەتە کە چامپیۆنزلیگ ئامانجیانە و بەردەوام دەبن لە گەشەکردن و تیپێکیان هەیە کە گەرەنتی داهاتوویەکی گەورە بۆ یوڤێنتۆس دەکات.

ماتیاس دی لیخت به‌رگریكاری هۆڵه‌ندی یانه‌ی یوڤێنتۆس
ماتیاس دی لیخت به‌رگریكاری هۆڵه‌ندی یانه‌ی یوڤێنتۆس

ئارسه‌ر میلۆ

یوڤێنتۆس خۆی بەدەستەوە نەدا، لە ساڵی 2021 ئەمجارە 155 ملیۆن یۆرۆی خەرج کرد، 76 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئارسەری بەڕازیلی، 23 ملیۆن یۆرۆ بۆ نیکۆلۆ رۆڤێلای ئیتاڵی، 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئالڤارۆ مۆراتا، 15 ملیۆن یۆرۆش بۆ گواستنەوەی ماندراگۆرای ئیتاڵی خەرج کرد.

لەگەڵ ئەوەشدا وەرزەکە بۆ یوڤێنتۆس باش نەبوو، خانمەپیرەکە جارێکی لە پاڵەوانییەتیە گەورەکە دەرکرا و دیسان لە قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ ئەمجارە بەرامبەر پۆرتۆی پۆرتوگالی دۆڕا و ماڵئاوایی کرد، تەنانەت ناسناوی سێریا ئەیشی لە چنگ دەرهێنرا و ئینتەرمیلان بووە پاڵەوان، یوڤێ هێندە خراپ بوو ئەمجارە شەری بەدەستهێنانی پلەی چوارەم و گەیشتنی بە چامپیۆنزلیگ دەکرد و تا دواگەر لە چاوەڕوانی سەرکەوتن مایەوە.

ماسیملیانۆ ئالێگری

وەرزێکی سەخت لەگەڵ ئەندریا پیرلۆ بووە هۆی گەڕانەوەی ماسیمیلیانۆ ئەلیگری بۆ سەر کورسی راهێنەرایەتی و و گۆڕینی ئاراستەی تیپەکە، چونکە ڕۆناڵدۆ بەرەو ئۆڵدترافۆرد ڕۆیشت.

سەرەڕای ئەوەی وەرزی رابردوو یەکەمینجار بوو لەوەتەی 10 ساڵی رابردوو کە یوڤێنتۆس هیچ ناسناوێک نەباتەوە و لە پلەی چوارەم کۆتایی بە سێریا ئەی هێنا و لە قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگیش بەرامبەر ڤیاریال دۆڕا، بەڵام یانەی خانمەپیرەکە دەستی بە پڕۆژەی بنیاتنانەوەی تیپەکە کرد و لە چاوەڕوانی وەرزی نوێیە.

دۆسان ڤلاهۆڤیچ

لە سەرەتای ئەمسالەوە، یوڤێنتۆس گرێبەستی لەگەڵ دۆسان فلاهۆڤیچ کردووە و 81 ملیۆنی بەو یاریزانە دا، دێنیس زەکەریاشی بە 9 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە، لەگەڵ گواستنەوەی دی ماریا و پۆگبا بە خۆڕایی بۆ ریزەکانی، لەلایەکی دیکەوە دیبالا و کیلینی دوایین یاریزان بوون کە تۆرینۆیان جێهێشت، ئەگەریش هەیە دێ لیخت بچێتە بایرن یان چێڵسی، لە ئەگەری رۆیشتنی ئەم یاریزانە هۆڵەندیە رەنگە یوڤێ گرێبەست لەگەڵ کۆلیبالی واژۆ بکات.

بە کۆی گشتی یوڤێنتۆس تا ئێستا لە ماوەی پێنج وەرزدا 815 ملیۆن یۆرۆی لە دواستنەوەی یاریزانان خەرج کردووە کە زۆرترین پارەیە یانەکانی ئەوروپا لەو ماوەیە خەرجیان کردووە و لە پێش یانەکانی مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید و بارسێلۆنا و چێڵسی دەبینرێت.

دۆسان ڤلاهۆڤیچ هێرشبه‌ری نوێی یانه‌ی یوڤێنتۆس
دۆسان ڤلاهۆڤیچ هێرشبه‌ری نوێی یانه‌ی یوڤێنتۆس