مالیكی: نزیكین له‌ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو

"له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كان و پێكهاته‌ سیاسییه‌كان دوور له‌ په‌راوێزخستن، كراوه‌ بووین"
نووری مالیكی
نووری مالیكی

K24 – هه‌ولێر:

لە راگەیه‌ندراوێکدا نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاویکردووەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو نزیکبووەتەوە.

نووری مالیكی، سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا، رایگه‌یاند، گه‌ڕێكی گرنگی گفتوگۆكانمان تێپه‌ڕاندووه‌، چه‌ندین بیرۆكه‌ و ئالیه‌ت داڕێژراون، له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كان و پێكهاته‌ سیاسییه‌كان دوور له‌ په‌راوێزخستن، كراوه‌ بووین.

ناوبراو راشیگه‌یاند، له‌ ئامانجه‌كانمان نزیك ده‌بینه‌وه‌، گرنگترینیان ناونانی سه‌رۆك وه‌زیران و پێكهێنانی حكومه‌تێك توانای هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌بێت، بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ئه‌منی و ته‌ندروستی بۆ هاووڵاتیانی عێراق.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ میانی راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، خۆم بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید نه‌كردووه‌.

هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح راگه‌یه‌ندراویكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، "له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق به‌شداری ناكه‌ین".

پێشتریش راگه‌یه‌ندراوه‌ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ناکۆکییەکی قووڵیان لەبارەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتەی کابینە و بەرنامەکەی هەبووه‌، هەر بۆیە نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا داوای لێکردوون پارتی و یەکێتی بە هۆکاری پێکنەهاتنی حکومەتی نوێ تۆمەتبار بکرێن.