سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی كوردستان کۆچی دوایی کرد
K24 - هه‌ولێر:
كه‌ریم ئه‌حمه‌د سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی كوردستان و حزبی شیوعی عێراق له شاری هه‌ولێر له ته‌مه‌نی (100) ساڵی كۆچی دوایی كرد.
زیره‌ك كه‌مال، سه‌ركرده له حزبی شیوعی كوردستان بە کوردستان24ی راگه‌یاند، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ كه‌ریم ئه‌حمه‌د سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی كوردستان له شاری هه‌ولێر له ته‌مه‌نی (100) ساڵی كۆچی دوایی كرد.
ئاماژەی بەوەش كرد، رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی كه‌ریم ئه‌حمه‌د لە مزگەوتی رەشاد موفتی بەڕێوەدەچێت و دواتر لە گۆڕستانی مەعمەل قیڕ-ی هه‌ولێر بە خاك دەسپێردرێت.
کەریم ئەحمەد لە ساڵی 1922 ده‌وروبه‌ری کۆیە لەدایکبووە، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر تەمەنی بووە 100 ساڵ، وه‌ك مامۆستا له شاری كۆیه كاری كردووه و ئه‌و كات خوالێخۆشبوو جه‌لال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، قوتابی ئه‌و بووه، لە ساڵی 1947 هاوسەرگیریی کردووە و 4 كچ و دوو کوڕی هەیە و کوڕێکیشی شەهید بووە.
كه‌ریم ئه‌حمه‌د، ماوه‌ی دوو ساڵ سكرتێری حزبی شیوعی عێراق بووه، دوای جیابوونه‌وه‌ی حزبی شیوعی كوردستان، بووته سكرتێری حزبه‌كه.
له ماوه‌ی كاری سیاسی خۆیدا چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه ده‌ستگیركراوه، له ساڵی 1963 په‌یوه‌ندی به شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه كردووه و زیاتر له حه‌فتا ساڵ خه‌ریكی كاری سیاسی بووه.
كه‌ریم ئه‌حمه‌د له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 له شاری كۆیه رێگه‌ی نه‌درا ده‌نگی خۆی بدات، ئه‌وكات به كوردستان24ی راگه‌یاندبوو، كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ویان به مردوو تۆماركردووه، بۆیه بڕیاری دابوو سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بكات.